karim
plus4
berî 2 saet

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ چەندین پرسی گرنگ کۆدەبێتەوە

 

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ چەندین پرسی گرنگ کۆببێتەوە.

بەپێی کارنامەکەی، لەکۆبوونەوەکەدا سێ تەوەری سەرەکی گفتوگۆ دەکرێن:

لەتەوەری یەکەمدا بابەتی سەرژمێریی دانیشتووانی لەساڵی 2024 تاوتوێدەکرێت کە بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمیی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەفەرمی بەڕێژەی 14.1% دەستنیشانکرا.

بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ پابەندکردنی بەغدا بەئەنجامی سەرژمێرییەکە بۆ دەستنیشانکردنی بەشە بوودجەی هەرێم دەکات.

تەوەرى دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بەپەسەندکردنی کۆنووسی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق کە ساڵی ڕابردوو لەنێوان هەردوولا ئیمزاکرا.

تەوەرەکە تایبەتە بەیەکخستن و گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لەهەرێمەوە بۆ دەزگای ناوبراو.

تەوەرى سێیەم و کۆتاییش بۆ بڕیاردانە لەسەر پێشنیازی وەزارەتەکانی بازرگانی و پیشەسازیی تایبەت بەپارەی بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتیان و چارەسەرکردنی پارەی کەڵەکەبووی ساڵانی (2004 تا 2022) لەسەر هەرێم.