هێزی تایبەت
plus4
پێش ٢ کاتژمێر

بەفەرمی.. ئەو هێزانەی هاتنە حەسەکە بەشێوەیەکی کاتی لەوێ دەبن و لەژێر چاودێریی ئاسایشی کوردی دان

فەرهاد شامی؛ بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە؛ وردەکاریی نوێی لەبارەی هاتنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی سەر بەدیمەشق بۆ حەسەکەو قامێشلۆ ئاشکراکرد.

فەرهاد شامی، دەڵێت: لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا، دەستەیەکی سەرەتایی حکومەتی کاتیی سوریا کە لە 100 بۆ 125 ئەندام پێکهاتبوون، دوێنێ بە 15 ئۆتۆمبێلەوە هاتنە نێو شاری حەسەکە، بڕیاریە ئەمڕۆش گرووپێکیتر بەهەمان قەبارە بێنە نێو شاری قامێشلۆوە.

وتیشی: هەموو ئەو کەسانەی هاتوونەتە ناوچەکە خەڵکی پارێزگای (دەرعا)ن، ئەمەش وەک مەرجێکی سەرەکیی هەسەدە لەناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەدا جێگیر کراوە.

سەبارەت بەشوێنی جێگیربوون و شێوازی کارکردنیان، جەختیکردەوە: ئەو هێزانە لەسێ بۆ چوار شوێنی دیاریکراوی نێو سەنتەری شاری حەسەکە جێگیردەبن، ئامادەبوونیان تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی و دیاریکراو دەبێت، لەژێر چاودێری و بەیاوەریی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ واتا (ئاسایشی کورد) ئەرکەکانیان ئەنجامدەدەن.

جەختیشیکردەوە: ئەرکی ئەم هێزانە سنووردارەو تەنها بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوەیە، هەرکاتێکیش ئەرکەکانیان کۆتاییهات، ناوچەکە جێدەهێڵن.