زیندانی داعش
plus4
پێش ٢ کاتژمێر

دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ ئاشکرایکرد: دەستی بەلێکۆڵینەوە لەهەزارو 387 چەکدارى د11عـ.ـش کردووە کە لەسوریاوە هێنراونەتە عێراق.

ئەم هەنگاوەش بەشێکە لەهەنگاوە دادوەرییەکان بۆ تەواوکردنی دۆسیەکانى لێپرسینەوەی یاسایی بۆ ئەو کەسانەی لەتاوانە تیـ.ـرۆریستییەکان تێوەگلاون.

لەوبارەیەوە نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری - بەشی دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ، سەبارەت بەدادگاییکردنى ئەو چەکدارانە ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: بەچاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لێکۆڵینەوە لەهەزارو 387 چەکداری د11عـ.ـش دەستیپێکردووە.

دەشڵێت: دۆسیەکانیان لەچوارچێوەی یاسایی دەبێت، بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە: ئەم ڕێکارانە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و لێپرسینەوە لەوانەی دەستیان لەتاوانەکاندا هەیە، بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەندامانی ڕێکخراوەکەو ئەو تاوانانەی کە دەگەنە جینۆسایدو تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی.

پێشبینیدەکرێت ئەو چەکدارانەی بۆ ئەو مەبەستە دەگەیەندرێنە عێراق لە 7 هەزار کەس زیاتربن، حکومەتى عێراقیش بڕیاریدا لەزیندانەکانى حللەو ناسرییەو نەینەوا جێگریان بکات.