Plus4
پێش 3 کاتژمێر
عەبدوڵڵا ئۆجەلان: ئەوەی لەسوریا ڕوودەدات بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتییە
بەیاننامەی وەفدی پارتی یەكسانی و دیموکراسی لەئیمراڵی:
ڕۆژی ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ئیمراڵی کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا کە نزیکەی دوو کاتژمێرو نیوی خایاند.
لەمیانی دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بەپرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دووپاتکردەوەو ڕایگەیاند: دیدگای ٢٧ی شووبات هەر بەدروستی ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەکە دووپاتکردەوە.
سەرنجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێشهاتەکانی سوریا بوو، بەڕێز ئۆجەلان نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بەململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و ئەوەی بەهەوڵێك ناوبرد بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی.
بەتووندی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی سوریا تەنیا لەڕێگەی دیالۆگ و دانووستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەربکرێن.
ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەكانی بۆ دڵنیابوون لەچارەسەركردنی ئەم پرسە لەڕێگەی گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لەململانێ، داواشی لەهەموو لایەنە چالاكەكان ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارانەو جددی لەم بووارەدا مامەڵە بکەن.




