احمد الشرع
Plus4
پێش ٢ کاتژمێر

🔻 بەپەلە.. ئەحمەد شەرع مەرسومێکی کۆماری و چەند بڕیارێکی بۆ کورد دەرکرد

 

ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا مەرسوومی ژمارە (13)ی ساڵی 2026ی دەرکرد، تێیدا جەخت دەکاتەوە کە هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سووریان، و ناسنامەی کولتووری و زمانییان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای فرەچەشن و یەکگرتوو.

 

- دەقی مەرسومەکە:

 

🔶ماددەی (1): هاووڵاتییانی کوردی سووریا بە بەشێکی بنەڕەتی و ڕەسەنی گەلی سووریا دادەترێن، و ناسنامەی کولتووری و زمانییان بە بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای فرەچەشن و یەکگرتوو دادەنرێت.

 

🔶ماددەی (2): دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری و زمانی، و مافی هاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.

 

🔶ماددەی (3): زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت، و ڕێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاوی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، وەک بەشێک لە پڕۆگرامی بژاردە یان وەک چالاکییەکی کولتووریی فێرکاری.

 

🔶ماددەی (4): کارکردن بە تماموی یاسا و ڕێکارە نائاساییانە هەڵدەوەشێتەوە کە لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە کەوتوونەتەوە، و ڕەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی بە ڕەچەڵەک کوردن و لەسەر خاکی سووریا نیشتەجێن، بە "مەکتومولقەید"ەکانیشەوە، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا.

 

🔶ماددەی (5): جەژنی "نەورۆز" (21ی ئازار) لە تەواوی ناوچەکانی کۆماری عەرەبیی سووریا دەبێتە پشووی فەرمیی بەهەق (مووچەدار)، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات.

 

🔶ماددەی (6): دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر، و بەپێی یاسا هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان زمانی قەدەغەیە، و هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت.

 

🔶ماددەی (7): وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرس دەبن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنە و بەپێی پسپۆڕیی خۆی.

 

🔶ماددەی (8): ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێکەوتی دەرچوونیەوە بە کارا دادەنرێت.