plus4
پێش 3 کاتژمێر
شەرقولئەوەست: ئەگەر هەیە سودانی و مالیکی کەسیان نەبنەوە بەسەرۆک وەزیران
ڕۆژنامەی شەرقولئەوەسەت لەڕاپۆرتێکدا دەڵێت: تادێت گوومانەکان لەسەر پرسی کشانەوەی سودانی لەکاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەرژەوەندیی نوری مالیکی، ڕکابەرو سەرۆکی کوتلەی دەوڵەتی یاسا زیاتر دەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە هەردوو کاندیدەکەو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بێدەنگییان لەوبارەیەوە کردووەو هیچ بەیاننامەیەکی ڕوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی خۆنەویستیی سودانی دەرنەچووە.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی: چاودێران و شارەزایانی وەک ئیحسان شەمرانی، پێیانوایە ئەوەی ڕوودەدات تەنها مانۆڕێکی کاتیی سیاسییە، چوونکە سودانی باش دەزانێت مالیکی ڕووبەڕووی بەربەستی گەورە دەبێتەوە، لەوانە ڤیتۆی مەرجەعیەتی نەجەف و دژایەتیی تووندی مـ.ـوقتەدا سـ.ـەدر، بەم کشانەوەیە دەیەوێت کات بکوژێت و دوای شکستی کاندیدبوونی مالیکی، جارێکیتر وەک تاقە بژاردە بگەڕێتەوە.
ئەگەر هەیە هەردوولا کەوتبێتنە نێو تەڵەیەکەوە کە لەلایەن (حەکیم و عامری و خـ.ـەزعەلی) بۆیان چنراوە؛ بەو پێیەی ئەو لایەنانە دەزانن بەهێزبوونی سودانی یا مالیکی، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆیە هانی سودانییان داوە بکشێتەوە تا شەرعیەتی ویلایەتی دووەمی لاوازبکەن و دواتر بەپاساوی نەبوونی کۆدەنگی لەسەر مالیکی، هەردووکیان لەکایەکە دووربخەنەوەو کاندیدێکی تەوافووقی بهێننە پێشەوە کە تەنها جێبەجێکاری فەرمانەکانی ئەوان بێت.
لەئێستادا کە پەرلەمانی عێراق تەنها دوو هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو دیاریکردنی کاندیدی کوتلەی گەورە، ڕاپۆرتەکە جەختدەکاتەوە کە ئەم شانۆگەرییە سیاسییە دوورنییە ببێتە هۆی سووتانی چانسی هەردوو سەرکردەکەو گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات بۆ ئاراستەیەکی نوێ کە تێیدا بڕیاردەری سەرەکی ئەو لایەنانە بن کە لەپشت پەردەوە یاری بەکارتەکانی سودانی و مالیکی دەکەن.




