رێکەوتن
plus4
پێش 3 کاتژمێر

جەلال تاڵەبانی، لە کتێبی دیداری تەمەن، دەڵێت؛ لە دانوستاندنەکانم لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە کۆتاییەکانی ساڵی 1984، گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی و بڕیاردرا ڕۆژی شەممە وەک جەلال تاڵەبانی لەگەڵ سەدام حوسێن لە بەردەم ڕاگەیاندنەکان، رێککەوتنەکە واژوو بکەین و رایبگەیەنین.

جەلال تاڵەبانی دەڵێت؛ لە ڕۆژی شەممە لە شوێنی دیاریکراو ئامادەبووین و عیزەت دووری پێشوازی لێکردین، ڕۆیشت و پاش کەمێکی تر هاتەوە و ساردی پێووە دیار بوو.. لەو یەك دوو ڕۆژە شاندێکی باڵای تورکیا هاتبوونە بەغدا، منیش لێم پرسی؛ راستێکەمان پێی بڵێ، ئەم ساردییەت پەیوەندی بە هاتنی وەفدەکەی تورکیاوە هەیە، لە وەڵامدا عیزەت دووری وتی:(لعنة علی ابو الاتراك و الامريكان).

هەندێ سەرچاوەی دیکە، باس لەوە دەکەن، کە شاندی تورکیا بە حکومەتی ئەو کاتی عێراقیان وتووە، ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ کورد واژوو بکەن، ئەوە ئێمەش بەرەیەکی شەڕ لە دژتان دەکەینەوە و تاکە سەرچاوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقیش کە تورکیایە دادەخرێت، چونکە ئەو کات بە هۆی جەنگی عێراق ـ ئێرانەوە، عێراق تەنها بە رێگەی تورکیا نەوتی هەناردە دەکرد.

دوای (42) ساڵ، لەم دەستوەردانەی تورکیا لە تێکدانی رێککەوتنی نێوان کورد لە باشوری کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، جارێکی تر، تورکیا لە دواساتەکاندا، رێککەوتنی نێوان کورد لە ڕۆژئاوا لەگەڵ حکومەتی سوریا تێکدەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریکی، کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا بڵاویکردۆتەوە، کە ڕۆژی (4)ـی ئەم مانگە، لە کەشوهەوایەکی ئەرێنی، کۆبونەوەی باڵا لە نێوان شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرۆکایەتی مەزڵوم عەبدی و شاندی حکومەتی سوریا بە سەرۆکایەتی مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری بەڕێوەچووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆبونەوە زۆر ئەرێنی بووە و هەردوولا لەسەر هەموو خاڵەکان گەیشتبووە ڕێککەوتن و گفتوگۆ لەسەر ئالیەتی واژووکردنی رێککەوتنە دەکرا.. بەڵام دواچرکەساتەکاندا ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، کە نزیك لە تورکیایە، خۆی دەکات بە کۆبونەوەکەدا و هەموو گفتوگۆکان تێکدەدات و دانیشتنە بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات.

بەپێی ماڵپەڕی ئەلمونیتەر؛ ئەسعەد شەیبانی، لەسەر داوای تورکیا لە دواساتەکاندا، رێککەوتن و گفتوگۆکانی تێکداوە، تا هەسەدە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سوریا و سوپای سوریا جێی نەکرێتەوە.

لێرەوە دەردەکەوێت، ڕاستە حکومەت و ئایدلۆژیاکان و حیزبەکانی دەسەڵاتدار لە تورکیا گوڕدراون، بەڵام ئەوەی نەگۆڕە لەو وڵاتە، ڕەگەزپەرستی تورك و رێگریکردنە لە گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی.