Plus4
پێش 6 کاتژمێر
مەسعود بارزانی بەرگریی لەعەرەبە سورییەکانی نێو کوردستان دەکات
مەسعود بارزانی؛ سەرۆکی پارتی، لەپەیامێکدا بەرگریی لەعەرەبە سورییەکانی نێو کوردستان دەکات و دەڵێت: نابێت هیچ کاردانەوەیەک دەرحەق بەو عەرەبە سورییانە بگیرێنە بەرو نیگەرانیان بکەن.
بەناوی خودای بەخشندەو میهرەبان
لەكاردانەوە بەرامبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لەهەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیال میدیاو ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لەدژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لەهەرێمی كوردستاندا دەژین.
ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لەجێی خۆیدا نین و بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پرەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕووانگەی گشتیی دامودەزگای هەرێمی كوردستانن.
لەڕاستیدا نابێت ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بەتاوانەكەوە نەبووە.
دەبێت ڕێزی ئەو پەنابەرو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوەو لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لەدووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
مەسعود بارزانی
12ی كانوونی دووەمی 2026




