بافل تالةبانى
Plus4
پێش ٢ کاتژمێر

پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی: خەڵكی كەركوك دڵنیابن هەندێك لایەن ئێوەیان ناوێت

پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەشاری كەركوك لەنێو ئاپۆڕای جەماوەرێكی بێشووماری یەكێتییەوە دەركەوت و جیاواز لەڕۆژانیتری بانگەشە، پەیامێكی گرنگ و بەنرخی پێشكەشی كەركوكییەكان كردو دڵنیایی بەخەوڵكی كەركوك دا كە هەندێك لایەن هەن ئێوەیان ناوێت، بگرە بێزیشیان نەهات بێنە شارەكەتان

لەپەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەم ئاپۆرایەی كەركوكییەكان و پاڵپشتییان بۆ لیستی 222ی یەكێتی دەربڕی و بەڵێنیدا هەرگیز كەركوكییەكان جێنەهێڵێت

لەسەرەتای پەیامەكەیداسەرۆكی یەكێتی كاتێك ئەو ژمارە زۆرەی كەركوكییەكانی لەنێو كگەڕنەڤاڵەكەدا بینی، بە (ماشاْ  لله) دەستیپێكردو وتی: ماشاْ  لله، بەحرێكی سەوز ئەبینم كەناوی كەركوكە.

بافڵ تاڵەبانی لەسەر بەڵێنەكانی خۆی لەدوو ساڵی ڕابردووداو جێبەجێكردنیان وتی: دوو ساڵ بەر لەئێستا لێرەوە بەڵێنم پێدان حكومەتێك دابمەزرێنین كەباوەڕی بەخزمەت بێت و ئەمنییەتتان بپارێزێت، جێبەجێمان كرد، وتمان جێتان ناهێڵین و ئەو پارێزگارە بوكەڵە، بۆگەنە، گەندەڵە دەدەین بەزەویدا.. خستمان و كردمان.

 

 
كۆتا بەڵێنیش كەپێمدان، وتم كوڕێكی كەركوكی لەماڵە هەژارەكانی كەركوك، یەكێتییەكی كەركوك دەكەین بەپارێزگاری كەركوك، نیوەی دنیا بەرامبەرمان وەستا، بەڵام هەموومان خست و دامانن بەزەویداو ئەو گەنجەمان كرد بەپارێزگار، ئێستاش ببینن ئەو پارێزگارە چۆن خزمەتدەكات و كەركوكی یەكڕیز كردووەو بەیەك چاو تەماشای هەموو نەتەوەكان دەكات.

كەركوك بووەتە ئەو شارەی ئەمڕۆ هەموو دونیا دەیەوێت بزنسی تێدابكات، ئەمە بەرنامەو ڕوئیای مام جەلال و یەكێتییە، چوونكە كەركوك نەوتە.. كەركوك خاكە.. كەركوك خوێنە.. كەركوك چەپكە گوڵەكەی مام جەلالە.

سەرۆكی یەكێتی پەیامێكی تری ئاراستەی لایەنێكی دیاریكراو كردو وتی: خەڵك واهەیە دەڵێت بەشەڕ كەركوك ڕزگاردەكەین، ئاخر نەگبەت تەماشابكە كەركوك خۆی ڕزگاركراوە، بەم جەماوەرە یەكریزو بە دیموكراسی رزگارمان كرد نەك بەفشەی ئاسمانی و بەدرۆ.

وتیشی: حزبێك هەیە كەدوو كورسیی هەیە لەكەركوك، توو برایەتیمان پرسیارتان لێدەكەم، لەڕزگاركردنی عێراقەوە تائێستا، ئەو حزبە چی بۆ كەركوك كردووە ، جگە لەپڕكردنی گیرفانی خۆی، ئەوان كەركوك و خەڵكی خۆیانیشیان لەبیرچووەتەوە لەشارەكە، تەنانەت بێزیان نەهات بێنەوە كەركوكیش، نەشیانوێرا بێن بۆ كەركوك.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی: خەڵكی كەركوك دڵنیابن؛ ئەوان ئێوەیان ناوێت، بەڵام ئێمە ئێوەمان دەوێت، كەركوكیش ئەوانی ناوێت و ئێمەی دەوێت، ئێوە یەكێتیتان هەیە، لێرە لەنێو شاری مام جەلال و پێكەوەژیان و قودسی كوردستان، ئێمە هێزی ئێوەین لەبەغدا بێ جیاوازی،.

كۆتا پەیامی بافڵ تاڵەبانی بۆ خوێندكارەكان و مامۆستایانی كوردی كەركوك بوو مووژدەیەكی خۆشی پیڕاگەیاندن و وتی: دەبێت خوێندكاران بەكوردی بخوێنن، ئەمە مافی خۆیانەو لەدەستووری عێراقیشدا ئەوە هاتووە، بۆیە قەت غەدرو جیاوازی قبوڵ ناكەین.

مامۆستایانی كەركوكیشی دڵنیاكردەوە كەمووچەی ئەوان لەكوردستانەوە دێت، بەڵام هەوڵدەدەین بەسیستمێك لەبەغداوە ڕاستەوخۆ وەریبگرن، تا ئەم و ئەو یاری بەژیانتانەوە نەكەن.