
پێش ٢ کاتژمێر
ئەمریکا هاوکاریی ماددیی پێشمەرگە دەوەستێنێت و دەدرێن بەچەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی
بەپێی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، هاوكارییەكانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، بەجۆرێک هاوكارییە ماددییەكان ڕادەگیرێن و لەبەرامبەردا بودجەی چەک، ئۆتۆمبێل و ڕاهێنان زیاد دەكرێت.
لەڕاپۆرتەکەدا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، بڕی 61 ملیۆن و 14 هەزارو 940 دۆلاری بۆ ڕاهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگە تەرخانکردووە.
گۆڕانكارییەکە لەهاوکاریی دارایی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگەدایە کە بەشێکی سەرەکی بوو لەیارمەتییەکانی ئەمریکا لەساڵانی ڕابردوو، بەڵام ئەمساڵ بەیەکجاری كۆتاییدێت.
وەزارەتەکە دەڵێت: بەگوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغداو هەرێم لەئەیلولی 2022، عێراق لەساڵی 2026ەوە خۆی هاوکارییەکانی پێشمەرگە دەگرێتە ئەستۆو خەرجیدەکات.
ئەو 61 ملیۆنەی بڕیاری لەبارەوە دراوە بەمشێوەیە خەرجدەکرێت:
- 5.3 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 17 هەزار گوللـە هاوەن و رۆکێت.
- 9 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 10 هەزار تفەنگ، دەمانچە و دۆشکە.
- 1.06 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 20 سەکۆی هەڵدانی هاوەن و رۆکێت.
- 1.02 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دوربینی نیشانەشکێن و پێداویستیی دیکە.
- 11.7 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 250 ئۆتۆمبێلی بەرز (SUV).
- 10.2 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 52 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش.
- 1.4 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دوو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.
- 4.08 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 32 تانکەری ئاو.
- 4.63 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 11 هەزار و 295 هێلەگی زرێپۆشی خۆپاراستن.
- 5.61 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 49 هەزار و 589 جلی سەربازی و پۆستاڵ.
- 6.5 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی 13 هەزار کەرەستەی خۆپاراستن.
- 360 هەزار دۆلار بۆ کڕینی 12 مووەلیدە.
- 16.25 ملیۆن دۆلاریش بۆ کڕینی پێداویستییەکانی دیکەی وەکو سوتەمەنی، خواردن و لۆجیستی.