
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 14 کاتژمێر
پیلانی تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانیان هەبوە؛لەهەولێر هێزەكە دروستكراوە و راهێنانیان پێكراوە و بۆ سلێمانی گواستراونەتەوە
بەشێك لەچەكدارە دەستگیركراوەكانی ئوتێل لالەزار لەلێكۆڵینەوەكاندا دانیان بەوەداناوە كە پیلانی تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی هەبوە بەمەبەستی دەستگرتن بەسەر یەكێتیدا.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە كار لەسەر پیلانەكە كراوە، لەهەولێر ژمارەیەكی زۆر چەكدار دامەزرێندراوە و راهێنانیان پێكراوە.
بەنیازبونە هەمویان بەناوی راهێنانەوە بۆ سلێمانی بگوازرێنەوە، بەڵام لەترسی ئاشكرابون و بۆ شاردنەوەی جموجۆڵەكان، بڕیاردراوە بەچەند قۆناغێك كارەكە ئەنجام بدرێت.
بەشێك لەو چەكدارانە كە ئێستا دەستگیركراون، لەلێكۆڵینەوەكانی ئاسایشدا دانیان بەوەداناوە كە پیلانی تیرۆركردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی هەبوەو چاوەڕێی كاتژمێر سفڕ و فەرمان بونە.
وتوویانە، بەچەكی قەناس تەقەی لێدەكرا و دوواتریش بە درۆنی خۆكوژی هێرش بۆ سەر دەباشان و كەسایەتییە سەربازی و ئەمنی و حزبییەكانی یەكێتیی ئەنجام دەدرا و بارەگاكانیش داگیر دەكران.
ئاسایشی سلێمانی لەرێگەی دادوەرەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك كەسی دیكە كە لەپیلانەكەدا دەستیان هەبوە.
دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی كاتێك دۆسییەكە بەبەڵگە دەخرێتە بەردەمی، دەستبەجێ بەماددەی 56 لەیاسای سزادانی عێراق، فەرمانی دەستگیركردن بۆ هەموو كەسانە دەرەكات كە ناویان هاتووە.
" مادەی 56 لەیاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بەرێككەوتنێكی تاوانكاری، واتا زیاتر لەكەسێك رێكبكەون بۆ ئەنجامدانی تاوانێك یاخود كەتنێك، سزاكەشی لە 2 -7 ساڵ زیندانییە".
بەڵام دەستپێشخەری یەكێتیی بۆ داخستنی هەموو بازگەكانی ( كەڵوانان لەنێوان دووكان و سلێمانی، بانی مەقان لەنێوان چەمچەماڵ و كەركوك، تاسلوجە لەنێوان سلێمانی و چەمچەماڵ، عەربەت لەنێوان سلێمانی و هەڵەبجە ) وایكرد شكست بهێنن لەناردنی هێزی تایبەت بۆ بەهاناوەچونی لاهور جەنگی.
ئابلوقەی سەربازی خرایە سەر سەرچنار و بەتایبەت لالەزار ( شوێنی مانەوەی لاهور جەنگی )، دانانی بازگەی كاتی و رێگری لەگردبونەوە، بڵاوەپێكردنی هێزی چەكدار لەنێو بارەگاو دامەزراوە حكومییەكان وایكرد، نەتوانرێت خۆیان دەرباز بكەن یاخود پیلانەكەیان پێش بخەن.