سودانىىى
Plus4
پێش 5 کاتژمێر

سودانی؛ 41 بەڕێوەبەری گشتی لەپۆستەکانیان دوورخستەوەو 4 وەزیریشی ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد

 

ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سودانی؛ سەرۆک وەزیرانی عێراق، 41 بەڕێوەبەری گشتیی لەسەر کار لابردو 4 وەزیریشی ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کرد.

 

لەوتارێکیدا لەمیانی کۆنفرانسێکدا، سودانی وتی: لیژنەیەکی تایبەت هەڵسەنگاندنێکی شەفافانەی بۆ ئەدای بەڕێوەبەرانی گشتی و ڕاوێژکاران و وەزیرەکان ئەنجامداوە.

 

ڕوونیشیکردەوە: لیژنەکە لەمامۆستایانی زانکۆو پسپۆڕان پێکهاتووەو خۆمیش سەرپەرشتیی دەکەم.

 

وتیشی: بەشێوەیەکی گشتی ئێمە ئارەزووی پاراستنی دەستپاکی و بێلایەنی لەپرۆسەی هەڵسەنگاندنەکەدا دەکەین، دوور لەئامانجکردن.

 

ڕوونیشیکردەوە: ڕاپۆرتی لیژنەکە بووە هۆی دەرکردنی هەندێک لەبەرپرسان و پشتڕاستکردنەوەی یاساییبوونی هەندێکیتر.

 

لیژنەکە هەزارو 135 هەڵسەنگاندنی ئەنجامداوە، بەهۆیەوە 41 بەڕێوەبەری گشتی لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە.

 

سودانی؛ جەختیکردەوە کە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی بەرپرسان وایلێکردن بەدواداچوون بۆ پرۆژەکان بکەن، لیژنەی هەڵسەنگاندن پێشنیازی بۆ کارەکانی وەزاریی شەش وەزیر کردووە بەمەبەستی دەستکاریکردنیان.

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیشیکردەوە: هەرچەندە هەندێک لەهێزە سیاسییەکان پێشنیازی گۆڕینیان بۆ ئاستێکی نزمتر لەوەزیرەکان کردبوو، بەڵام ئێمە دەستمان بۆ شوێنی بەرزتر برد، بەو هۆیەشەوە چوار وەزیرمان بەهۆی بوونی گومانی زۆری دەوروبەری لەسەر کارەکانیان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کران.

 

دەشڵێت: ئێمە لایەنە کەمتەرخەمەکانمان دەستنیشانکردووەو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر وەزیرەکان پەسەندکردووە، ئێستاش لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریدان.