بي توو
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 16 کاتژمێر

داتاكانی بەدواداچوونی ئاسمانی ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە شەش فڕۆكەی بۆمبڕێژكراوی ئەمریكی لە جۆری B-2 لە بنكەی هێزی ئاسمانی وایتمان لە ویلایەتی میزوری بەرەو بنكەی گوامی هێزی ئاسمانی ئەمەریكا لەزەریای هێمن فڕیون.

 

فڕۆكەی (بی2) بەتەنها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەیەتی و پێدەچێت بتوانێت بەهێزترین دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران بكاتە ئامانج و تێكبشكێنێت، لەوانە دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ كە دەكەوێتە باشووری تارانی پایتەختی ئێران.

 

ئەم پەرەسەندنانە لە كاتێكدایە كە گرژییەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیان كردووە، چاوەڕێی هەڵوێستی واشنتن دەكرێت 

 

دامەزراوەی ئەتۆمی "فۆردۆ" دەكەوێتە قوڵایی چیاكانی ئێران لە نزیك شاری قم و بۆتە یەكێك لە دیارترین هێماكانی زیادبوونی گرژییەكانی نێوان تاران و تەلئەبیب.

ئەم دامەزراوەیە لە كۆتایی ساڵی 2000 دامەزرا و نزیكەی 30 كیلۆمەتر لە باكوری ڕۆژهەڵاتی قوم و لەناو چیایەك دروستكراوە بۆ ئەوەی لە هەر هێرشێكی سەربازی بپارێزرێت.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، "فۆردۆ" زیاتر لە هەزار سەنترڤیوی پێشكەوتووی تێدایە كە تا ئاستێك بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاردێت كە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی پێویستە.

 

بەهۆی قووڵایی جیۆلۆجی و قەڵای كۆنكریتی بەهێزی دەوروبەری دامەزراوەكە، بۆتە ئامانجێكی زۆر قورس بۆ هەر هێرشێكی سەربازی ئاسایی.

ئیسرائیل كە لەم دواییانەدا زنجیرەیەك هێرشی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی تری ئێران، توانای سەربازی نییە بۆ لێدانی فۆردۆ بەهۆی نەبوونی جۆری چەكی پێویست بۆ چوونە ناو ئەم شوێنە قەڵابەندیە.

 

بۆمبی ئەمریكی GBU-57 كە كێشیان نزیكەی 30000 پاوەند و تەنها لەلایەن بۆمب هاوێژەكانی B-2 دەتوانرێت هەڵبگیرێن، تاكە بژاردەی گونجاون بۆ تێكشكاندنی كاریگەری دامەزراوەكە.

 لەبەر ئەوەی ئیسرائیل خاوەنی ئەو بۆمبانە نییە، ئەمە بڕیاری كۆتایی دەخاتە دەست واشنتن.