خانةنشين
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 3 ڕۆژ

بڕیارە سبەی یەکشەممە؛ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە هەمواری دووەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014یە.

ئەمە لەکاتێکدایە لەساڵی 2019دا، بەبڕیارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. یاسای خانەنشینی هەموار کرایەوەو تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵییەوە کرایە 60 ساڵی.

بەڵام لەئێستادا هەوڵ بۆ گێڕانەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵییەوە بۆ 63 ساڵی دەدرێت، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا پرۆژە یاساکە دوای خوێندنەوەی، دەنگی پێویستی دەهێنێت تا ئەنجومەنەکە پەسەندی بکات یا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

گەر بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینبوون بدرێت، ئەوا ئەو کەسانەی تەمەنیان 60 ساڵەو بڕیاربوو لەئەمساڵدا خانەنشین بکرێن، ئەوا سێ ساڵی تریان بۆ درێژ دەکرێتەوەو دەبێت لەخزمەتکردن وەک فەرمانبەری دەوڵەت بەردەوام بن.

ئەمە لەکاتێکدایە لەهەرێمی کوردستان، تەمەنی خانەنشینی 63 ساڵە، بەڵام ئامادەکاریی کراوە، لەئەگەری مانەوەی تەمەنی خانەنشینی بە 60 ساڵی لەعێراق و ڕەتکردنەوەی پرۆژە یاساکە، لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان لە 60 تا 62 ساڵییە، ئامادە دەکرێت تا بەپێی هەمواری ساڵی 2019 مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.