plus4
پێش ٢ ساڵ
دادگای تاوانەکانی کەرکوک بەپێی ماددەی 316 لەیاسای سزادانی عێراقی، بەشێوەی غیابی سزای 15ساڵ زیندانی بۆ چوار ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگا دەرکرد بریتین لە ( عیرفان کەرکوکلی، پەروین محەمەد، ئدوارد ئۆراها، ریاز دانوک ) بەتاوانی بردنی ئۆتۆمبێلی حکومەت و رادەستنەکردنی نوسینگەکانیان.
لەو بارەیەوە عیرفان کەرکوکلی یەکێک لەسزادراوەکان بە plus4ی راگەیاند: سزاکە سیاسیەو ئەو دادوەرەی دەریکردووە تورکمانەو سەر بە بەرەی تورکمانیە.
وتیشی، دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن گروپی عەسائبەوە دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلەکانمدا کە دووانیان مولکی ئەنجومەن بون و یەکێکیان هی خۆم بوو، هەروەها دەستیانگرتووە بەسەر هەردوو خانۆکەمدا و ئێستاش تێیدا نیشتەجێن.
کەرکوکلی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان داوای یاساییان دژی گروپەکە تۆمارکردووە بەڵام دادگا هیچ رێوشوێنێکی نەگرتووەتەبەرو کەچی ئێستا لەسەر ئەو بابەتە ئێمە سزا دەدات.
لەبارەی نوسینگەکەشێوە، وتی " کلیلی نوسینگەکەم ناردووەو داوامکردووە جەرد بکرێت و وەری بگرن بەڵام ئەوان مەرجیان ئەوەیە خۆم ئامادەبن کە لەم دۆخەدا مەحاڵە "
بەوتەی ئەو ئەندامەی پێشوی ئەنجومەن، لەسەرەتادا ئەرشەد ساڵحی دۆسێکەی جوڵاندووەو ئێستاش دیوانی پارێزگا لایەنێکی سکاڵاکەیە.
چەند رۆژێک پێشتریش بەهەمان ماددەی یاسایی کە زیانگەیاندنە بە سامانی گشتی سزای زیندانی بۆ رێبوار تاڵەبانی دەرچوو.