ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 4 ڕۆژ
نووسینگەی کەرکوکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم: داواکارین ئەو کەرکوکییانەی لەدەرەوەی سنووری پارێزگاکەن ڕۆژی سەرژمێریی گشتی لەکەرکوک خۆتان تۆماربکەن.
نووسینگەی کەرکوکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو کەرکوکییانە دەکات کە لەدەرەوەی سنوری پارێزگای کەرکوکن و داوایان لێدەکات گەر ناویان تۆمارکردووە لەقۆناغی یەکەمی سەرژمێری (گەمارۆسازی و ژمارەدانان) بێن ناویان تۆماربکەن.
ڕوونیشیدەکاتەوە: ئەوانەی لەقۆناغی بەرایی سەرژمێری ناویان تۆمارنەکردووە، لەقۆناغی دووەم دەتوانن ناویان تۆماربکەن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنە گەڕۆکەکان لەڕۆژانی (16 تا 19)ی ئەم مانگە سەردانی ماڵەکان دەکەن بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەندامانی خێزانەکانیان.
دەشڵێت: ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ تۆی کەرکوکی، بۆیە پێویستە سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانی ئەندامانی خێزانەکەت لەو ماڵە دابنێیت کە لیژنەکان سەردانیی دەکەن.
ئاشکراشیدەکات کە لەدواهەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو بڕیارە دراوە کە سەرژمێریی ساڵی 1957 دەکرێتە بنەما بۆ سەرژمێریی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام باشترین بژاردە بۆ دووپاتکردنەوەی کەرکوکیبوونت، ئەوەیە خۆت و تەواوی خانەوادەکەت لەکەرکوک ناوتان تۆماربکەن.
تکاشیان لێدەکات: لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەی کە ماوە وەک کۆتا دەرفەت، بەڵگەنامە فەرمییەکانیان ڕەوانەی ئەو شوێنە بکەن کە دەیانەولت ناویانی لێ تۆماربکەن، تا وەک گەلی کورد بەکەمترین زیان لێی دەربازبین.