رێبین هەدری
پێش هەفتەیەک
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیەنرا..وەک چاوەروان دەکرا و پێشتر نوسیمان هیچ هێزێک بەتەنیا ناتوانێت حکومەت پێک بهێنێت و ناچارە بە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزەکانی دیدا حکومەت پێک بهێنێت.
لە هەلومەرجی لەم شێوەیەشدا دەشێت و ڕوودەدات و ڕویداوە براوەی هەڵبژاردن نەتوانێت حکومەت پێک بهێنێت، وەک لەهەڵبژاردنی ساڵی٢٠١٠ی عيراقدا بینیمان. لەو هەڵبژاردنەدا لیستی عێراقیە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی براوەی هەڵبژاردن بوو، بەڵام هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالکی هاوپیەمانیەکی بەهێزتری دروستکرد، و توانی حکومەت پێک بهێنێت.
هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٩دا و لەهەڵبژاردنی کەنسیتی ئیسرائیلدا حیزبی کادیما بە سەرۆکایەتی لیڤنی هەڵبژاردنی لە لیکود برده وە، بەڵام نەیتوانی هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت دروستبکات و لەبری ئەوە براوەی دوهەمی کە لیکۆد بوو، ڕاسپێپررا کە حکومەت پێک بهێنێت، لیکۆد بەسەرۆکایەتی بنیامین نەتنیاهو توانی هاوپەیمانی پێویست بۆ حکومەت دروست بکات و بەمشێوە براوەی دوهەمی هەڵبژاردن نەک براوەوەی یەکەم حکومەتی دروستکرد.
ئێستا تۆپەکە یەکەمجار لە مەیدانی پارتیدایە و پەرلەمان ئەوان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی حکومەت پێک بهێنن، و دەبێت لەماوەیەکی دیاریکراودا کە چەند مانگێکە بتوانن هاوپەیمانیەک دروستبکەن کە بتوانێت لە پەرلەمان دەنگی بۆ بدرێت، خۆ گەر لەماوەی دیاریکراودا سەرکەوتوو نەبوو، لیستی دوهەمی براوە رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و گەر ئەویش لە ماوەیەکی دیاریکراودا نەیتوانی ئەو هاوپەیمانیە درووست بکات، ئەوە ناچار دەبین بچین بۆ هەڵبژاردنیکی دی ئەنجامەکان لەسەر کاغەز هەموو ئەم ئەگەرانە بە کراوەیی دەهێڵنەوە، باشی ئەم هەڵبژاردنەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵە،.
ئەمجارە هیچ هێزێک ناتوانێت خۆی بەتەنیا وڵاتی چۆن ویست بەڕێوە بەرێت و چی ویست بیکات، هەموو هێزەکان ناچارن بەوەی گوێ لەیەک بگرن و هاوبەشی لەبڕیاردا بکەن و پێکەوە وڵات بەڕێوە بەرن. بەشداری چالاکانەی خەڵک لەم هەڵبژاردندا نەخشەی سیاسی بەجۆرێک گۆڕیوە کە هیچ هێزێک بەتەنیا ناتوانێت بێ ڕەزامەندی هێزێکی دی یان چەند هێزێکی دی حکومەت پێک بهێنێت.
پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە ئایا یەکێتی و پارتی دەگەڕینەوە بۆ بەشکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا؟ ئایا پارتی سەقفی تەنازولی تاچەندە و ئامادەیە واز لە یەکێک لە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم یان حکومەت بهێنێت؟ ئایا یەکيتی بەو بەشە چەورانە رازی دەبێت کە پارتی پيشکەشی دەکات؟ ئایا هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی بە یەکگرتووی دەمێننەوە و کەسیان لەلایەن دوو هێزەکەوە سەنگەر ناگۆڕنەوە و هاوکێشەکە تێک بدەن؟ دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین چی ڕوو دەدات، یەک شت بە ڕوونی دیارە، هەریەک لەم بژاردانە ڕوو بدەن، کاریگەری گەورەی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هێزەکان دەبێت.
ئەزموونی گۆڕان باشترین بەڵگەیە، کە یەک بڕیاڕی هەڵە ئەو هێزەی لە ٢٥ و ١٢ کورسیەوە، کرد بە یەک کورسی. ئێستا کاتی کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی هێزەکانە لەناو خۆیاندا، چ یەکێتی و پارتی و چ هێزەکانی دەروەی یەکێتی و پارتی: یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و هێزەکانی دەرەوەی یەکێتیش بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی هاوبەش بۆ ئەو پێشهاتانەی دوو هێزە سەرەکیەکە نەخشەکەی دادەڕێژن.
بۆ ئەمەش پێش هەموو شتێک وازهێنانە لەو نەغمەی تاوانبارکردن و شەڕە قسە بێمانایەی لەنێوانیاندا هەیە و ئامادەبوونی هەستيکی بەرپرسیاری گەورە بەرامبەر بە خەڵکێک کە چاوەڕێی کاری گەورەیان لێدەکات، پر ئاشکراشە ئەو ژمارە کورسیانەی ئەم هێزانە هێناویانە بەتەنیا ناتوانیت شتێکی ئەوتۆ بکات، بەڵام گەر کۆببنەوە و دەنگیان بخەنە پاڵ یەک دەتوانن کاریگەری گەورەەتریان هەبێت و دەنگیان بیستراو تر بێت و ئۆمێدی خەڵکیش بە هەمویان بەرێتە سەرێ.
ئەم هێزانە گەر خەمی خەڵکیان هەیە بەڕاستی، دەبێت واز لە دوژمنایەتی و ناحەزی یەک بهێنن و هەمویان تەرکیزین بخەنە سەر دەسەڵات و چاودێریکردنی و رەخنەکردنی لەهەموو ئەو شتانەدا کە دژ بە بەرژەوەندی و خواستی خەڵکە.
ئەم هێزانە بەیەکەوە ٣٠ کورسیان لەپەرلەماندا هەیە، کە لەزۆر وتوێژی ناو پەرلەماندا دەتوانێت یەک لاکەرەوەی زۆر بڕیار و یاسا بێت، بەتایبەتی ئەوکاتانەی ناکۆکی بۆچون دەکەوێتە ناو یەکێتی و پارتیەوە، کە لەزۆر وێستگەدا دەشێت ڕووبدات.
هەروەها دەتوانێت سەرئێشەیەکی گەورەش بۆ هەموو ئەو کار و بڕیاڕە هەڵانە دروست بکات کە یەکێتی و پارتی پێی هەڵدەسن، بەڵام گەر بەجیا و دوور لەیەک بن ئەوا هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆیان نابێت و بەمەش نەک زیان بەخەڵک بەڵکو بە خۆشیان دەگەیەنن، کە بەڵێنیان بە خەڵک دابوو لە ئاستی چاوەڕوانیەکانیاندا بن. چ یەکێتی و پارتی و چ هێزەکانی دەروەی ئەوان، دەبێت دەست بە گفتوگۆیەکی ڕاستەقینەی دوور لە گیانی حزبی و بەرژەوەندی تایبەتی بکەن و خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەن.
دەبێت هەموان ڕێزی ئەو ڕێژە بەرزەی بەشداری هەڵبژاردن بگرن و لانیکەمی چاوەڕوانیەکانی ئەو خەڵکە بەدی بهێنن کە خۆی لە ڕستەیەکی سادەدا دەدۆزێتەوە: دروستکردنی حکومەتێکی بەرپرسیار و خزمەتگوزار کە بەرگریکار و بەدیهێنەری ماف و ئازادیەکانی خەلکێ بێت، دروستکردنی پەرلەمانێکی زیندووش کە چاودێرکەری حكومەت و کارەکانی بێت.