plus4
پێش 3 هەفتە
لەماوەی 72 كاتژمێری رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق پێنج پەیامی داوەتە بەغداو هۆشداری پێیداوە كە گەر گرووپە چەكدارەكان ڕانەگرێت ئەگەری كاردانەوەی تووندی هەیە.
ماڵپەڕی "بەغداد ئەلیوم" بڵاویكردووەتەوە: باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو زنجیرەیەك چاوپێكەوتنی لەگەڵ دەستەبژێری كەسایەتییە سیاسییەكانی عێراقدا ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا پێنج چاوپێكەوتنی راستەوخۆی ئەنجامداوە.
تێیدا پەیامی ڕوون و ئاشكرای داوەتە حكومەتی بەغدا لەبارەی مەترسی پەلكێشكردنی عێراق بۆ نێو بازنەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەتایبەت كە ئەگەری فراوانبونی شەڕەكە لەئارادایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا بەهەموو ئەو كەسانەی وتووە كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ كردوون، ئیدارەی ئەمریكا فشاری بۆ سەر عێراق دروستكردووە لەپێناو ئەوەی لەو شەڕو ململانێیە بەدووربێت.
ماڵپەڕەكە ئاشكراشیكردووە كە ئەمریكا فشارێكی زۆری لەسەر حكومەتی عێراق دروستكردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێن سەبارەت بە دۆسییەی گروپە چەكدارەكان و راگرتنی پەلامارەكانیان كە لەخاكی عێراقەوە بەئاراستەی ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن لەپێناو رێگری لەهەر كاردانەوەیەكی لایەنی بەرانبەر كە لێكەوتەی گەورەی لەناوچەكە لێدەكەوێتەوە.