44
شوان داوودی
پێش 3 هەفتە

لە ناو ئەو هەموو هاوکێشە ئاڵۆزەی شارەکە و ئەو هەموو ئەجندا نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆییە دژبەیەکەدا و دوای حەوت ساڵ دابڕانی کورد لە هەموو سێکتەرەکانی بەڕێوەبردن و ئاسایش و ئابوری و فەرهەنگی و زانستی ، ماوەی مانگێکە پارێزگارێکی کورد لە کەرکوک دەستبەکار بووە . هەڵسەنگاندنی ئەدای کارەکانی لەم کاتەدا و بۆ ئەم ماوە کەمە بێ ویژدانی دەبێت ، چونکە لانی کەم دەبێ دەرفەتی سێ مانگ کارکردنی پێ بدرێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت . دواتر ڕاستیەک هەیە دەبێت هەمووان بیزانین ئەویش ئەوەیە ئێستا سەردەمەکە جیاوازە لە ساڵی 2014 و سەردەمی مەرحوم د.نەجمەدین ، پارێزگار دەستکراوە و حاکمی موتڵەق نیە چونکە ئێستا شەریکی هەیە و پەیوەستە بە ڕێککەوتن و ئیتفاقی سیاسی هاوبەش و ناتوانێت لەو ڕێێکەوتنانە دەربچێت ، زۆربەی هەرەزۆری فەرمانگەو دام و دەزگاکانی شارەکە لەسەروی هەمویانەوە هێزە ئەمنیەکان وەلائیان وەزیفیە و کارمەندی دەوڵەتن ئەوەندە پابەند نابن بە خودی پارێزگاروە چونکە لە کۆتاییدا نەک سەر بە حزبەکەی ئەو نین لە پێکهاتەکەشی نین ، سەرباری ئەوەی تا ئێستا بەشێک لە پێکهاتەکان و هێزە سیاسیەکانیش بایکۆتیان کردوە تەنانەت بەشێک لەپێکهاتەی کوردیش ، بۆیە نابێت هەر لە ئێستاوە باری قورس بکرێت بە کۆمەڵێ داواکاری کە لەتوانایدا نیە جێبەجێی بکات.. گرنگە ئەم راستیە جەنابی پارێزگاریش لێی تێبگات و ئاگادار بێت لەوەی نەکەوێتە ژێر کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەوای مایک و شاشە و بەڵێنی قورس و قه‌به‌ بدات کە جێبەجێکردنیان لەم دۆخەدا ئەستەمە ، بە پێچەوانەوە پێویستە هەمووان هاوکاری بن و تێبینی و سەرنجی باش و دڵسۆزانەی پێ بدرێت و لە هەڵەو کەم و کوڕی خەوشەکان ئاگادار بکرێتەوە، نەک هەڵەی پێبکەن، پێش هەمووان ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر حزبەکەی خۆی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و ئەرکی لەپێشینەی سەرکردە و کادر و جەماوەری یەکێتیە ئیحراجی نەکەن و هیچ بابەتێک و هیچ کەسێک نەسەپێنن بەسەریدا کە توشی نەنگی بکات .. هەرچەندە پارێزگار ئەزمونی کاری حزبی و پەرلەمانی باشی هەیە بەڵام باکگراوندی کاری وەزیفی بەڕێزیان پاشخانێکی ئەمنیە و کاری بەڕێوبەردن و کەسی یەکەمی ئیدارەی شارێک جیاوازە لە کاری ئەمنی ، لە ئیدارەدا ئەوەندە پێویستت بە سەبرو پشو درێژی و دبلۆماسیەت و حیکمەت و لۆژیک دەبێ بۆ جێبەجێکردنی یاسا ئەوەندە پێویستت به‌ چاو سورکردنەوە و پەنجە ڕاوەشاندن نابێت ، چونکە هێزی یاسات هەیە یاساش وا دەخوازی لەسەروی هەموانەوە بێت . گۆڕانکاری و ئیشی باش لە شێنەیی بە هێوری و بە کپی دەکرێت ئەوەندە پێویستی بە پەلە کردن و هاتوهاوار و دەنگ بەرزکردنەوە و هاشوهۆشی ڕاگەیاندنەکان و فەوزای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نیە.. چونکە لە کۆتاییدا خەڵک سەیری ئەنجامەکان دەکات و لەسەر ئەنجامەکان بڕیاری خۆی دەدات نەک لە سەر ترێندە ڕۆژانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان . خۆشبەختانە گەنجێکی کوردی کەرکوک کە دوو خولە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و ئەزمونی دوو خولی پەرلەمانی عێراقی هەیە و لە پەرلەمانیش ئەزمونی دوو لیژنەی هەیە کە هەردوو لیژنەکە بۆ کەرکوک زۆر گرنگ و جێی بایەخە ئەوانیش ليژنەکانی دەستپاکی و نەوت و وزەیە ، بۆیە حەقی ئەوەی هەیە بێ دەستوەردان لە کارەکانی دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێت کە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بێ ئەوەی باری قورس بکرێت بە بابەتگەلێک کە لە بەرژەوەندی گشتی و خودی پارێزگارشدا نەبێت .