پەرلەمانی عێڕاق
plus4
پێش 3 مانگ

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کاری چوارچێوەی هەماهەنگی نییە مافی سوننەکانە ئەو پۆستە پڕبکەنەوەو کەسێک بۆ پۆستەکە دەستنیشان بکەن.

هەردوو هاوپەیمانێتیی عەزم و سیادە لەڕاگەیاندراوێكدا پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدکردنی مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆکایەتیی په‌رله‌مانی عێراق ڕاگەیاند.

پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق له‌ناوه‌ڕاستی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوه‌وه‌ به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت، عەزم و سیادە لەڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: بڕیارەكەیان وەڵامدانەوەیە بۆ هەوڵی هێزە نیشتمانییەكانی لەچوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ چارەسەركردنی پرسی كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و پابەندبوون بەبڕیاری دادگای فیدراڵی و نەكەوتنە نێو هەڵەی دەستوورییەوە.

دووپاتیانکردەوە کە پشتگیریی خۆیان بۆ کاندیدکردنی مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕادەگەیەنن، ئەو بەگونجاوترین کەس بۆ ئەو پۆستە دەزانن.

هەنگاوەكەی عەزم و سیادە دوای ئەوە دێت ئێوارەی دوێنێ‌ شەش هێزی سوننە ڕایانگەیاند: كاندیدێكی نوێ‌ بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشکەشدەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش واژۆی 55 پەرلەمانتاری سوننەیان كۆكردوەتەوە.

پێشتر سیادەو عەزم؛ (سالم عیساوی)یان بۆ ئەو پۆستە كاندیدکردبوو، لەدوا دەنگدانی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەجیاوازییەكی زۆر لەپێش مەشهەدانییەوە بوو، بەڵام پرۆسەكە تەواونەكراو هەڵبژاردنەکە شكستیهێنا.

لای خۆیەوە عومەر سامەڕائی؛ سەرکردە لەڕەوتی حیکمە ڕایگەیاند: هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کاری چوارچێوەی هەماهەنگی نییە مافی سوننەکانە ئەو پۆستە پڕبکەنەوەو کەسێک بۆ پۆستەکە دەستنیشان بکەن.