plus4
پێش 4 مانگ
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕەزامەندیی دەربڕی بەبڕینەوەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو کەسانەی کە (سواڵ) دەکەن.
ڕەزامەندییەکەی ئەسەدی لەسەر نووسراوێکی داواکاریی پەرلەمانتار هەیفا جابری، بوو کە داوا دەکات مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ کەسانی (سواڵکەر)یش ببڕدرێتەوە، بەڵام بەمەرجێک دوای ئەوەی نووسراو و بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە تا بەهیچ شێوەیە سواڵ نەکەنەوە.
پەرلەمانتار هەیفا جابری، سەبارەت بە نووسراوەکە دەڵێت: لەگەڵ ئەسەدی سەبارەت بەو بابەتە گفتوگۆمان کردووە، چوونکە پێمانوایە سواڵکردن یەکێکە لەدیاردە نابەجێکان و هەڕەشەیە بۆسەر کۆمەڵگەی عێراقی، ئەمەش هەوڵێکە بۆ بنبڕکردنی ئەو دیاردەیە، چوونکە لەئێستادا ژمارەی کەسانی سواڵکەر بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە.
ڕوونیشیکردەوە: بەهۆی زۆربوونی ژمارەی سواڵکەرانەوە، نازاندرێت کام لەوانە بەڕاستی پێویستیی بەهاوکارییەو کامیشیان لەلایەن باندەکانەوە بەکاردەهێنرێن.
فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد: سواڵکردن یەکێکە لەمەترسیدارترین جۆرەکانی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، چوونکە لەئێستادا سواڵکەران لەعێراق ژمارەیان دەگاتە 500 هەزار کەس، ساڵی ڕابردوو، سەرەتای ئەمساڵیش وەزارەتی ناوخۆ نزیکەی 10 هەزار سواڵکەری بیانیی ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان کردووەتەوە.
ئەم هەوڵەش پاش قسەکانی سودانی دێت کە داوای لەدەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە، دەبێت ساڵی ئاییندە ساڵێکی بێ سواڵکەر بێت لەعێراق و پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوەو پەرلەمانیش سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنێت.