
پێش 9 مانگ
عەمار تەمیمی سەرۆكی بزوتنەوەی میلیی لەپارێزگەی دیالە رایگەیاند: لەروانگەی پاراستنی مافی زیاتر لە ملیۆن و 800 هەزار هاوڵاتی دانیشتووی دیالە، لەدادگەی باڵای فیدراڵی داوایەكی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكە تۆماركردووە.
وتیشی، ماوەی پێنج مانگە هێزە براوەكان رێكنەكەوتوون بۆ پێكهێنانی ئیدارەی نوێی پارێزگاكە و زیانی گەورەیان لەروی خزمەتگوزارییەوە بەشارەكە گەیاندووە.
ماوەی پێنج مانگە هێزە براوەكانی ئەنجومەنی پارێزگەی دیالە لەسەر دانانی پارێزگارو پێكهێنانی ئیدارەی نوێ رێكنەكەوتوون.
موسەنا تەمیمی پارێزگاری پێشوو كە براوەی گەورەی ئەنجومەنەكەیە، دەیەوێت خۆی ببێتەوە پارێزگار، هەرچی هێزە شیعییەكانی دیكەشە دەیانەوێت بە كاندیدێكی دیكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانون بیگۆڕن، هێزە سونەكانیش كە كورسییەكانیان لەگەڵ شیعەدا یەكسانە، دەیانەوێت خۆیان پارێزگار دەستنیشان بكەن.
لەسەر ئاستی عێراق، تەنها دیالە و كەركوك بەهۆی ناكۆكی هێزە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگەكان نەیانتوانیوە ئیدارەی نوێی پارێزگا هەڵبژێرن.