plus4
پێش 5 مانگ
ترایسی ئان جاكوبسون دیبلۆماتكاری بەئەزموونی ئەمریكا لەلایەن جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا وەك باڵیۆزی نوێی وەڵاتەكە لەعێراق بەدەسەڵاتی زیاترەوە دەستنیشانكراوە.
جاكوبسون ساڵی 1965 لەدایكبووە، ساڵی 2021 خانەنشین بوو، بەڵام لەلایەن بایدن گەڕێندرایەوە سەركار و وەك نێردەی خۆی رەوانەی ئەفغانستانی كرد.
ترایسی، پێشتر باڵیۆزی ئەمریكا بوە لە ئەدیس ئەبابا، ئەسیوبیا، تاجەكستان، توركمانستان و كۆسۆفۆ، هەروەك جێگری سەرۆكی نێردەی ئەمریكا بوە لە لاریجا و لاتفیا.
جاكوبسون جیاوازترە لە ئەلینا رۆمانوسكی باڵیۆزی ئێستا، بەو پێیەی لەروی ناونیشان و ئەزمونەوە پلەی بەرزتری هەیە.
بەهۆی ئەوەی ناونیشانەكەی دیبلۆماتكاری باڵاو بەئەزمونە، دەتوانێ خۆی بەبێ گەڕانەوەی بۆ واشنتۆن بڕیار بدات.. ئەو لە كۆشكی سپی خزمەتیكردووەو لەنوسینەوەی ستراتیژە گرنگەكانی ئاسایشیی نەتەوەیی و بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا رۆڵی هەبوە.
لە زۆربەی ناوچە گەرمەكانی ئاسیا ئەركی جێبەجێكردووەو رۆڵی هەبوە لە رێككەوتن و نوسینەوەی ستراتیژییە نوێكانی دوای جەنگ.
پێچەوانەی رۆمانسكی، جاكوبسون خانمێكی ئاڵۆزە و كارەكانی بەنهێنی دەكات.
لەروی دیبلۆماسییەوە، ناونیشانەكەی لە باڵیۆز بەرزترە و بە نوێنەری سەرۆك دادەنرێت، دەسەڵاتەكانی نێردراوی رێگەپێدراوی هەیە و بە سەرۆكی نێردە ناودەبرێت.
ئەو لەبەردەم ئەنجومەنی پیراندە رایگەیاند، ئەگەر بكرێتە باڵیۆز هەوڵدەدات ژن و منداڵی چەكدارەكانی نێو كەمپی هۆڵ بگەڕێنێتەوە عێراق و بیانخاتە بەرنامەی چاكسازی و تێكەڵبونەوەی كۆمەڵگە.
وتیشی، پێویستە ئەمریكا ئامادەبێت هەر كات بیەوێت هێرشبكاتە سەر ئەو گروپە میلیشیانەی نزیكی ئێرانن و قەبارەیان بچوك بكاتەوەو زیان بەژێر خانی ئابوریان بگەیەنێت.
ساڵی 2021، جاكوبسون وەك راوێژكاری بایدن دەستنیشانكرا بۆ سەرپەرشتیكردنی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو ئەفغانیانەی پێشتر لەگەڵ ئەمریكییەكاندا كاریانكردووە.
بەڵام لەلایەن سیناتۆرەكانەوە تۆمەتباردەكرێت بەوەی رۆڵێكی خراپی لەو پرۆسەیەدا گێڕاوە و پشتی لەئەفغانییەكان كرد كە بەدرێژایی ساڵانێك ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوەو دۆست و پشتیوانی ئەمریكا بون.