دلير زيدان
ئاژانسی هەواڵی plus4
پێش 5 مانگ

دلێر زێدان بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی کەرکوک لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا هۆکاری بڕیاری راگرتنی کارەکانی دەستەکەی ئاشکراکردو وتی:" براکەی راکان جبوری داوای 235 دۆنم زەوی لێکردووم و پلانی ساختە کردووە، هەر بۆیە سکاڵام لەسەر تۆمارکردوون و ئێستا فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە."

 

وتیشی، وەبەرهێنەرێک کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگەیە و پێشتر بەگرێبەستی 25ساڵ گوبانەکانی کەرکوکی وەرگرتووەو بەنایاسایی بڕی 20 هەزار دینار لەبارهەڵگر وەردەگرێت، دەیویست بە وەبەرهێنان ئامێری سۆناریش دابنێ و لەوەش بڕی 20 هەزاری دیکە لەبارهەڵگرەکان وەرگرێت بەڵام ئێمە رەتمانکردووەتەوە چونکە ئەوە کاری ئەمنییە و وەزارەتی ناوخۆ ئێستا خۆی سۆناری داناوە چی پێویستێک بەسۆناری وەبەرهێنەر دەکات.

 

بەوتەی بەڕێوەبەری وەبەرهێنان، لەماوەی رابردوودا بەپێی یاسا 35 مۆڶەتی لە وەبەرهێنەران کشاونەتەوە، هەر بۆیە ئەو هەڶوێستانە کاریگەری لەراکان جبوری و ئەوانە کردووە کە واژوویان کردووە بۆ راگرتنی کاری دەستەکە.

 

دلێر زێدان رەتیدەکاتەوە بچێتە ژێر باری بڕیارەکەی راکان جبوری و دەڵێت: ئەو خۆی بە نایاسایی لەسەر ئەو کورسییە دانیشتووە و دەسەڵاتی پەکخستنی کارەکانی ئێمەی نییە، براکەشی ساختەی کردووەو لەدادگا داواکراوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە نوسراویان ئاراستەی دەستەی نشتیمانی وەبەرهێنان و دادگەی فیدراڵی کردووە و سکالاشی لەسەر تۆمارکردوون.

 

نایشارێتەوە کە ئەوەی ئەنجامدراوە بەئاماجکردنی راستەوخۆی ئەوە چونکە پێشتریش لەسەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیەم پێنەداون 5 جار نوسراوی بۆ سەرۆک وەزیران کردووە دوورمبخاتەوە بەڵام داواکانی رەتکراوەتەوە.