داقوق
plus4
پێش 5 مانگ

ژمارەیەک عەربی هاوردە چونەتە سەر کوردانی گوندی رزگاری کاکەیی نشین لەسنوری قەزای داقوق و داوای زەوییە کشتوکاڵییەکان و تەواوی گوندەکە دەکەن.

ئیدریس حاجی عادل جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی داقوقی یەکێتی بە ئاژانسی هەواڵی plus4ی راگەیاند، ساڵی 1999 بەعسی روخاو لەماوەی 24 کاتژمێردا تەواوی دانیشتوانی گوندی رزگاری لەزێدی خۆیان دەرکردووەو گوندەکەش رادەستی فەرماندەیەکی فیرقەی سەربازی ئەو سەردەمە کرا بەناوی (عەباس عیناد) کە سەر بە عەشیرەتی ئەلبو عیسایە.

رونیشیکردەوە ئەو فەرماندە سەربازیەی سەردەی بەعس عەشیرەت و کەسوکارەکەی هێناوەتە نێو گوندەکەو ناوەکەشی گۆڕیوە بۆ گوندی ئەلبو عیسا.

ئەوەشی خستەڕوو ، دوای پروسەی ئازادی عێراق لەساڵی 2003 کوردانی گوندەکە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان ، بەڵام ئەو عەشیرەتە کە لەئێستادا دانیشتووی حەویجەو دیالەن ، دادگایان لە دانیشتوانی گوندەکە گرتووە ، بێ ئەوەی هیچ تاپۆ یان گرێبەستێکیان هەبێت، داوای زەویە کشتوکاڵییەکان و تەواوی گوندەکە دەکەن.