plus4
پێش 6 مانگ
د. ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گەندەڵیی پرۆژەیەکی سنووری حەویجە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئەمە پرۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی (ئەلبو عەسافی) سەر بەناحیەی ڕیازی قەزای حەویجەیە، یەکێکە لەپرۆژەکانی سندووقی ئاوەدانکردنەوەو پاش چەند مانگێک لەتەواوبوونی سەرجەمی هەڵوەشاوەتەوە.
دەشڵێت: وەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و لەسۆنگەی خەمخۆریمان لە بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی، پەیوەندیم بەجێگری پارێزگاری بەوەکالەتەوە کرد بۆ کاروباری کارگێڕی کە ئەم گەندەڵییە ئاشکرایە بەهیچ جۆرێک جێگەی قبووڵ نییە.
هەر دوێنێش فەرمانکرا بەفەرمانگەی ڕێگەوبان و سندووقی ئاوەدانکردنەوە کە پرۆژەکە وەرنەگرێت و سەرجەم شایستە داراییەکانی پرۆژەی ناوبراو ڕابگرێت، تا ئەو ساتەی پرۆژەکە بەپێی کوالیتیی داواکراو جێبەجێدەکرێت، وەک چۆن پێشتریش هەمان ڕێکار لەگەڵ پرۆژەی شەقامی عەمەلشەعبی ــ کەرکوک گیرایەبەر.
پرۆژەی قیرتاوکردنی گوندەکانی (ئەلبوعسافی) سەر بەناحیەی ڕیازی قەزای حەویجە، ماوەی پێنج تا شەش مانگە ئەنجامدراوە، کەچی بەشێکی زۆری قیرتاوکردنەکە بەهۆی خراپیی کارکردن و کوالیتییەوە هەڵوەشاوەتەوە.