پەڵکانە
plus4
پێش 6 مانگ

نوسراوێک لەبەرژەوەندیی جوتیارانی کوردو کۆتاییهێنان بەگرژییەکانی گوندی پەڵکانەی ناحیەی سەرگەڕان گەیشتە هێزە سەربازییەکانی عێراق.

دوای ئەوەی چوارشەممەی رابردوو، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە سەبارەت بەهەوڵەکانی سوپا بۆ رێگریکردن لەجوتیارانی کوردی سنوری سەرگەڕان کە زەوییەکانیان دروێنە بکەن.

سەرۆک وەزیران دەستبەجێ فەریق ئەوەل روکن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراقی ڕاسپارد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەو تەنانەت بڕیاریشیدرا هەرکەسێک زەوییەکەی چاندووە هەر ئەوەش دەتوانێت بیدوورێتەوە.

بەڵام کەمتەرخەمی لەجێبەجێکردنی بڕیارەکە کراو عەرەبی هاوردە لەنێو گوندی پەڵکانە خێوەتیان هەڵداوەو گرژییەکان پەرەیان سەند.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی plus4 کەوتووە، ئەمڕۆ جارێکیتر وەزیری داد چارەسەرنەکردنی کێشەکەی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیاندووە.

هەربۆیە کەمێک پێش ئێستا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، نوسراوێکی ئاراستەی هێزە سەربازییەکانی سنوری سەرگەڕان کردووەو تەئکید دەکاتەوە کە دەبێت جوتیارانی کورد زەوییەکانیان بدوورنەوەو خێوەتەکانیش لەنێو گوندەکە هەڵبگیرێت، بەشێوەیەک هیچ گرژییەک ڕوونەدات.

بەپێی زانیارییەکان، قەیس محەمەداوی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە وەزیری دادی لەو رێوشوێنانەی گرتویەتیەبەر ئاگادارکردووەتەوە.