plus4
پێش ٢ ساڵ
نەوەی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ناوچە جێناكۆكەكان لە خوێندنی باڵادا هەمان ماف و ئیمتیازاتەكانی نەوەی شەهیدی سوپای عێراقیان پێبەخشرا.
ڕێبوار تەھا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. عومەر ئینجە ڕاگری كۆلێژی ئادابی زانكۆی كەركوك، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە كەركوك ناوەڕۆكی بڕیارەكانیان ئاشكراكرد و ڕایانگەیاند، لەمەودوا نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان هەمان ماف و ئیمتیازاتی شەهیدانی سوپای عێراقیان دەبێت لە خوێندنی باڵادا.
ماف و ئیمتیازاتەكان بریتین لە بەخشینی حەوت نمرە بە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ناوچە جێناكۆكەكان، وەرگرتن لە خوێندنی ئێواران لە گشت زانكۆكانی عێراق بە خۆڕایی بەبێ ڕەچاوكردنی كۆنمرە و تەمەن، تەرخانكردنی 5%ی كورسیی خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لەگەڵ تەرخانكردنی 10%ی پلەی وەزیفی بۆ نەوەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و شەهیدی سوپای عێراق لەكاتی دامەزراندندا.
ڕێبوار تەھا وتی، لەسەر ڕاسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، بەدەم داواكاریی خوێندكارانی نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوانەوە چوون و لەڕێگەی دەزگای شەهیدانی عێراق و وەزارەتی خوێندنی باڵاوە، بە بڕیار داواكارییەكانی خوێندكارانیان چەسپاندووە كە خۆیان لە چوار ماف و ئیمتیازاتدا دەبیننەوە.