بارزانی
plus4
پێش ساڵێک

لەچەند رۆژی رابردوودا بانگهێشتنامە گەیەندراوەتە ژمارەیەک کەسایەتی کەرکوک لە ( کورد، عەرەب و تورکمان ) تاوەکو سبەی پێنجشەممە 14ی ئەیلول، ئامادەبن بۆ کۆبونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

لەلایەن لەتیف گلی نوێنەری مەسعود بارزانی لەکەرکوک ئەو کەسایەتیانە بانگهێشتی کۆبونەوەکە کراون، بەڵام ژمارەیەک لەو کەسایەتیانەی بانگهێشت کراون لە کوردو عەرەب و تورکمان رەتیانکردووەتەوە بەشداری کۆبونەوەکە بکەن.

 

عەبدولرەحمان مونشد عاسی کەسایەتی دیاری عەشیرەتی عوبێد لەکەرکوک یەکێکە لەو کەسانەی بانگهێشتنامەکەی بارزانی رەتکردووەتەوە، و وتوێتی: پێویستە پێش کۆبونەوە لەگەڵ ئێمە هەموو دەستگیرکراوەکانی عەرەب رەوانەی دادگای کەرکوک بکرێن بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسییەکانیان، ئەوکات خۆم بەبێ بانگهێشتنامە دەچمە خزمەتی بارزانی.

 

کۆبونەوە لەگەڵ کەسایەتییەکانی کەرکوک دوای روداوەکانی 2ی ئەیلول دێت، گوایە بەهۆی پەرۆشی بارزانی بۆ سەقامگیری دۆخی شارەکە دەیەوێت لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکان کۆببێتەوەو پەیامی ئاشتیان پێ بگەیەنێت. 

 

کوێخا شامیل کەسایەتی ناوچەی شوان یەکێکی ترە لەو کەسانەی رەتیکردووەتەوە لەکۆبونەوەکەدا بەشداربێت، بە plus4ی وت، لەلایەن لەتیف گلی وەک نوێنەری بارزانی بانگهێشتی کۆبونەوەکە کراوم، ئێمەش تێبینیمان لەسەر شێوازی داواتنامەکە هەیەو ئامادەش نابم.

 

وتیشی: ئەگەر بارزانی ئیشێکی بەئێمەیەو دەیەوێت سەبارەت بەدۆخی کەرکوک قسەمان لەگەڵ بکات ئەوە دەبێت خۆی بێتە شارەکە نەک ئێمە بچینە هەولێر.

 

لەتیف گلی رێکخەری کۆبونەوەکە کە خۆی وەک نوێنەری و بەرپرسی نوسینگەی بارزانی لەکەرکوک دەناسێنێت بە plus4ی راگەیاند: بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیاریکراوی کوردو عەرەب و تورکمان کۆدەبێتەوەو لەبارەی دۆخی کەرکوک و دوایین روداوەکانی شارەکە پەیامی دەبێت.

 

گلی، قسەکانی عەبدولرەحمان مونشد عاسی رەتکردەوە و وتی: هیچ کەسێک بانگهێشتی نەکردووە تاوەکو ئەو مەرجی هەبێت و بانگهێشتنامەکە رەتبکاتەوە.

 

"کەسانێکی زۆر لەهەموو پێکهاتەکان دەیانەوێت بەشداری کۆبونەوەکە بن، بەڵام ژمارەکە دیاریکراوەو داوای کۆمەڵێکیش رەتکراوەتەوە چونکە بارزانی کاتی نییە ئەو خەڵکە زۆرە ببینێت" لەتیف گلی وای وت.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستی plus4 کەوتووە، کۆبونەوەکە لەسەر پێشنیازی لەتیف گلی بوەو بە مەسعود بارزانی وتووە کۆمەڵێک لەکەسایەتییەکانی کەرکوک داواینکردووە چاویان پێت بکەوێت، دواتریش کە کەسایەتییەکانی بانگهێشت کردووە، وتووێتی بارزانی دەیەوێت چاوی پێتان بکەوێت.

 

نوێنەرەکەی بارزانی لەکەرکوک رەتیکردەوە لەو بارەیەوە هیچ قسەیەک بکات و تەنانەت ئامادەنەبوو ناسنامەی ئەو کەسایەتیانەش ئاشکرا بکات کە سبەی ئامادەی کۆبونەوەکە دەبن.

 

هەرچی مەکتەبی رێکخستنی کەرکوک - گەرمیان و لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستانە وەک ئۆرگانی فەرمی ئەو حزبە، ئاگاداری کۆبونەوەکە نین.