ئاسؤ
plus4
پێش ٢ ساڵ

ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری كەركوك - سه‌ڵاحه‌دینی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایگەیاند: یەكێتی هەمیشە بەرگری لەكەركوك و ناوچە دابڕاوەكان كردووە، نەك وەك لایەنی دیكە لەسەر حسابی خەڵكی كوردستان دەنگ و كورسی بكرێت.. وتیشی " لەپێناو پێشكەوتن و هاتنە پێشەوەی خەڵكی نوێ ئامادەم پۆستەكەم چۆڵ بكەم."

 

ئاسۆ مامەند لەوتارەکەیدا وتی: لەشەڕی داعشدا كە تیرۆریستان تەنها كیلۆمەترێك لەكەركوكەوە دوربون، خەڵكانێك هەبوو پێیان وابوو ئەو گروپە دراوسێیەكی باشە، بەڵام جارێكیتر وەك یەكێتی بەرگریمان كرد و توانیمان خەڵكی كەركوك و خورماتوو بپارێزین، خەڵكی تریش لەشنگال و مەخمور باجی سیاسەتی ئەو لایانانەیان دا كە داعشیان بەدراوسێ دەزانی.

 

ئاسۆ مامەند ئاماژەی بەوەدا كە بەدرێژایی شەڕی داعش نەیانهێشتووە بۆ رۆژێك دەوامی زانكۆ لەكەركوك پەكی بكەوێت.

 

وتیشی، لەپرسی ریفراندۆمدا داوامانكرد هاوارمان كرد كاتەكەی گونجاو نیە، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین، دواتریش تەنها یەكێتی لەگەڵ خەڵكی كەركوك و خورماتوو مایەوە كە رۆژگارێكی قورسی بەڕێكرد بەڵام پشتی لەخەڵكەكەی خۆی نەكرد.

 

سەرپەرشتیاری كەركوك – سەڵاحەدین رەخنەی توندی لەپارتی گرد و وتی: لایەن هەبوو لە 2018 پێی وابوو كەركوك داگیركراوە بۆیە بەشداری هەڵبژاردن ناكات، كەچی هەر لەسایەی ئەو هێز و حكومەتەدا هاتن سواڵی دەنگیان دەكرد كە خەڵك هەموو دەزانن چی مەبەستێكیان هەبوو، ئەوەتا ئێستاش لەدەوڵەتی كوردیەوە شەڕی پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەن.

 

ئاسۆ مامەند ئاشكرایكرد، لەکاتێکدا دۆخی هەرێم لەروی ئابوریەوە وێرانە، کەچی كۆمپانیای ناوخۆیی هەیە 43%ی داهاتەکەی بۆ خۆی دەبات، دوێنێ یەکێک لەم کۆمپانیایانە چەند ملیۆن دۆلارێکی داوەتە لایەنێک یا دوو کورسی لەسەر حسابی خەڵكی كوردستان بۆ بەرژەوەندی سەرخستنی بەربژێری لایەنێك. جەختشیكردەوە كە بەبێ یەكێتی هیچ لایەنێك بەتاكڕەوانە ناتوانێت هەنگاوێك لەبەغدا بچێتە پێشەوە و رۆژانی رابردیش شاهیدی ئەوەبوون.

 

ئەو كارگێڕەی مەكتەبی سیاسی بۆ یەكەم جار لەوتارەكەیدا هەوڵی هەناردەی غازی لەلایەن پارتیەوە ئاشكراكرد و وتی: بڕیاردرابوو غازی هەرێم هاوشێوەی نەوتەكەی بۆ شوێنی دیكە بڕوات، بەڵام یەكێتی وتی ستۆپ ئەمە قبوڵ ناكەین.

 

ئاسۆ مامەند جەختشیكردەوە، لەم قۆناغەدا پێویستە یەكێتی نوێ بكەینەوە وەك وەفاداریەك بۆ سەرۆك مام جەلال لەپێناو پاراستنی حزبەكە ، هیوادارم ئەم دیدارە هەنگاوەكانی بەكرداری بێت بەداخەوە نەمانتوانی هەنگاوەكانی كۆنگرەی چواریەم بەكرداری بنێین.

 

دانی بەوەشدانا كە شێوازی رێكخراوەیی ئێستای یەكێتی لەگەڵ قۆناغەكەدا ناگونجێت و وتی" ئامادەم ببمە پشتیوانی بۆ ئەندامێكی گەنج و گۆڕەپانەكەش چۆڵ بكەم بۆ هاتنە پێشەوەی خەڵكی تر، خۆ تا كۆتایی لەم پێگەیەدا نابین."

 

تەئكیدیكردەوە كە یەكێتی روبارێك خوێنی داوە هەر بۆیە پێویستی بەوەیە لەهەموو روەكانەوە نوێ بێتەوە.. خۆی بەخزمەتكاری خەڵك بزانێت و خەڵكانێك لەمامۆستای زانكۆ و رۆشنبیر و گەنج و كرێكاران خاوەندارێتی بكەن.