plus4
پێش ساڵێک
حكومەتی عێراق و هەرێم لەسەر بڵاوكردنەوەی هێزەكانی پاسەوانی سنور لەسەر سنورەكانی نێوان هەرێم و ئێران رێككەوتن بۆ رێگری لەهێرشی زەمینی سوپای پاسداران.
رۆژنامەی عەرەب جەدید بڵاویكردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتوون.
دیارترین ئەو خاڵانەی رێككەوتنی لەسەر كراوە، دروستكردنی هێزی هاوبەشە لەسوپای عێراق و پاسەوانی سنور و هێزی پێشمەرگە و بڵاوەپێكردنیان لەسەر سنورەكان لەگەڵ ئێراندا، هەروەك بڕیاردراوە دەیان خاڵی پشكنینیش دروست بكرێت.
بڕیارە سبەی سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تەهران بكات، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەنێو وەفدەكەی عێراقدایە.
سودانی پێشنیاز و رێككەوتنەكەی نێوان بەغدا و هەرێم دیەخاتە بەردەم لێپرسراوانی تەهڕان كە ماوەیەكە بەچڕی هێزەكانی ئۆپزسیۆن لەسلێمانی و هەولێر و كەركوك دەكاتە ئامانج.
بەپێی ئەو زانیاریانەی رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە، لەرێككەوتنەكەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیراندا هاتووە كە هەموو پشتگیری و هاوكارییەكی حكومی و حزبی بۆ گروپەكانی ئۆپزسیۆنی ئێرانی رادەگرن و بارەگاكانشیان دادەخرێت و گەڕان و پشكنینیش لەكەمپەكانی كوردانی رۆژهەڵات ئەنجام دەدرێت، نەتەوە یەكگرتووەكانیش سەرپەرشتی راستەوخۆی كەمپەكان دەكەن.
ناوڕاستی ئەم مانگە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد، رۆژنامەی عەرەب جەدید ئاماژە بۆ ئەوەدەكات كە مەرجەكانی تەهڕانی رادەستی بەغدا كردووە بۆ راگرتنی هێرشە موشەكییەكان، دیارترین مەرجەكانیش هەڵوەشاندنەوەی ئۆپزسیۆنی كوردانی رۆژهەڵات و چەك كردنیانە، هەروەها داوایكردووە لەسنورەكان دووربخرێنەوە و سوپای عێراق بەتەنها بەرپرسیارێتی سنوری ئێرانی بەدەستەوەبێت و پێشمەرگە دووربخرێتەوە.
غەیاس سورچی كادری پێشكەوتووی یەكێتی نشتیمانی كوردستان رایگەیاند، سوپای عێراق و پێشمەرگە بەهاوبەشی لەسەر سنورەكانی ئێران بڵاودەكرێنەوە و رێككەوتنەكەش لەلایەن بەغدا و هەرێمەوە ئەنجامدراوە.
وتیشی، رێككەوتنەكە تاكە چارەسەرە بۆ رێگری لە لەشكركێشی سەربازی بۆ ناو خاكی هەرێم.