plus4
پێش ٢ ساڵ
بۆڕیەكی وێستگەی جەبەڵ بۆر شكاوە و نەوتی خاوی لێ دەرژێت، تەنانەت پاشماوەیەكی زۆری نەوت لەپشت فەرمانگەی كارەبای دەروازە كۆبوەتەوە بەهۆیەوە غازی ژەهراوی لەناوچەكە بڵاوبوەتەوە و كەس ناتوانێت نزیك ببێتەوە.
ئەم زانیاریانە لە راپۆرتی لیژنەیەكی هاوبەشی بەرگری شارستانی و دەزگا ئەمنییەكانی كەركوكدایە كە لەسەر داوای دادگای كەركوك بەدواداچونیان بۆ بڵاوبونەوەی ئەو بۆنە ناخۆشە كردووە كە ماوەیەكی زۆرە خەڵكی هەراسانكردووە بەتایبەت دانیشتووانی گەڕەكەكانی (دەروازە، شۆرجە، پەنجاعەلی و راپەڕین).
لە هاوینی رابردوودا كۆمەڵێك چەلاكوان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتیان دژ بە بڵاوبونەوەی ئەو بۆنە ناخۆشە ئەنجامدا و داوایانكرد هۆكارەكەی ئاشكرابكرێت، بەهۆیەوە كۆمپانیای نەوتی باكور لیژنەیەكی بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی بۆنەكە پێكهێنا بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەخستەڕوو.
لە 13ی ئاداری ئەمساڵ، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لەنوسراوێكدا، ئەنجامی گەڕان و پشكنینی لیژنەیەكی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیەكەی و دەزگای موخابەرات و ئەمنی كەركوك دەخاتەڕوو سەبارەت بەو بۆنە ناخۆشەی زیاتر لەساڵێكە بەدواداچوون بۆ سەرچاوەكەی دەكرێـت.
بەپێی ئەنجامی بەدواداچونی لیژنەكە، كۆمپانیای نەوتی باكور كەمتەرخەمی سەرەكی بوە لە نەدۆزینەوەی سەرچاوەی بڵاوبونەوەی بۆنەکە لەكاتێكدا تەنها 10 مەتر لەخاڵێكی پاسەوانیی وێستگەی نەوتی جەبەڵ بۆرەوە دوربووە.
بەپێی راپۆرتەكە، یەكێك لەبۆڕێكانی وێستگەكە كە كەوتووەتە پشتی فەرمانگەی كارەبای گەرەكی دەروازەوە، شكاوە و رێژەیەكی زۆر نەوتی خاوی لێدەرەچێت و لەناوچەكەدا كۆبوەتەوە، خاك و ئاو و هەوای ناوچەكەی بەتەواوی پیسكردووە و ژەهراوی بووە.
لیژنە هاوبەشەكە دەڵێت: لەشوێنی شكانی بۆڕیەكە، بۆنێكی ناخۆش و هەراسانكەر بڵاوبوەتەوە و تەنانەت ئەو تیمەی سەرقاڵی ئاشكراكردنی بابەتەكە بون، دووچاری تەنگە نەفەسی و رشانەوە و سەرسورخواردن بون كە هەموو ئەمانەش ئاماژەیە بۆ بڵاوبونەوەی غازی ژەهراوی لەهەوای ناوچەكەدا.
لەو سنورە، ژینگەیەكی خراپ دروستبووە بەهۆی كەڵەكەبونی پاشماوەی نەوتی خاو كە بەدرێژایی 3 - 5 كیلۆمەتری گرتووەتەوە و لەهەندێ شوێن تێكەڵ بە ئاوی خواردنەوە بووە.
ئەندامانی لیژنەكە ئەوەشیان خستووەتەڕوو كە تیمەكەی (بەشی ژینگە و نەهێشتنی پیسبونی نەوتیی) سەر بە كۆمپانیای نەوتی باكور لە پاككردنەوەی پاشماوەی ئەو نەوتەدا كەمتەرخەم بون و بەشێوەیەكی نا پڕۆفیشناڵ ئەركەكەیان جێبەجێ دەكرد.
نوێنەرانی بەرگری شارستانی و موخابەرات و ئەمنی كەركوك لەراپۆرتەكەیاندا ژمارەیەك پێشنیاز دەخەنەڕوو لەنێویاندا هاتنی لیژنەیەكی سەربەخۆی هونەری تاوەكو هۆكاری شكاندنی بۆڕیەكە بەكلابكەنەوە ئاخۆ خۆی بەهۆی ژەنگ و كۆنیەوە شكاوە یاخود مەبەستی دزینی نەوتی لەپشتەوەیە.
هەروەها داوا دەكەن كۆمپانیای نەوتی باكور چارەسەری پیسبونی نەوتیی بكات لەناوچەكە، داواش لە دادگا دەكات رێگا بدرێت بە لێكۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی باكور كە كەمتەرخەمی سەرەكییە لەدروستبونی ئەو كارەستا ژینگەییەی بەهۆیەوە ئاو و هەوای گەڕەكی دەروازە بەغازی کوشندە ژەهراوی بوەو مەترسی لەسەر دانیشتووانەكەی دروستکردووە.