هەڵوێست بابان
پێش ٢ ساڵ
حەسەن رێگری لە شکاندن و دزینی گەراجێکی ناوچەی پیشەسازی کرد بەڵام بە بەبڕینەوەی پەنجەکانی هەردوو دەستی، باجەکەیدا.
چیرۆکەکە کاتێک دەستپێدەکات کە "حەسەن محەمەد" لەناوچەی پیشەسازی رێگری لەکەسێک دەکات دەرگای گەراجێک بشکێنێت.
دوای هەفتەیەک لەو روداوە، هێزێکی هەواڵگری پۆلیسی فیدراڵی هەڵدەکوتنە سەر حەسەن و دەستگیری دەکەن، لەسەروبەندی لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت ئەو کەسەی ویستبوی گەراجەکە بشکێنێت، كارمەندی ئەو هێزەكەیە.. حەسەن وا دەڵێت.
حەسەن پێش دەستگیرکردنی، وەک پاسەوانی ناوچەی پیشەسازی باشوری کەرکوک کاری کردووە.
بەوتەی حەسەن، سەرەتای دەستگیركردنی بۆ ماوەی مانگێک هەموو رۆژێک لەکاتژمێر 11:00ی نیوەڕۆ تا 6:30 ئێوارە لەبەردەم خۆر هەڵواسراوە، تاوەکو هەردوو دەستی دەسوتێت، دواتریش لەنەخۆشخانە بەهۆی كاریگەری ئەو ئەشكەنجەیەوە، پەنجەكانی هەردوو دەستی دەبڕنەوە.
مێژوی روداوەكە بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، بەڵام حەسەن هێشتا نەیتوانیوە بۆ ساتێك لەهزری خۆیدا لەبیری بكات، ئەو بۆ plus4 دەڵێت" ئەفسەرەکە پێی دەوتم بەشێوەیەک ئەتکت دەکەم تا مردن شێوەمت بیرنەچێتەوە، یاخود لەسێدارەت دەدەم، چونکە بەماددەی 4ی تیرۆر بەندی گردبووم."
دوای بڕینەوەی پەنجەكانی حەسەن بەهۆی كاریگەری ئەشكەنجەوە، هێزەكەی پۆلیسی فیدراڵی لەگەڵ باوكی حەسەن هەوڵی دانیشتنی عەشایەری دەدەن.
محەمەدی باوكی حەسەن، بەدەم گریانەوە قسە بۆ plus4 دەكات و باسی ئەوە دەكات كە دوای سێ مانگ لەدەستگیركردنی كوڕەكەی، ئەفسەرێكی ئەو هێزەی بەرپرس بونە لەدەستگیركردنی، ناچاریان دەكات بەدانیشتنی عەشایەری كێشەكە چارەسەر بكەن، چونكە بەمەرجی دانیشتن بەڵێنی ئازادكردنی كوڕەكەی پێداوە.
ئەو دەڵێت: هەرچەندە لەژێر فشارو ناچاریدا بوو، بەڵام ئەوان وەك خانەوادەی حەسەن پابەندن بە دانیشتنەكەوە، تەنها داوا دەكەین موچەیەك وەك هاوكاری بۆ كوڕەكەمان تەرخان بكرێت چونكە بەهۆی لەدەستدانی پەنەچەكانیوە توانای كاركردنی نییە.
لەئێستادا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەدەنگ حەسەن محەمەدەوە هاتووە چونكە بڵاوبونەوەی وێنەی دەستی ئەو گەنجە كەركوكییە رای گشتی هەژاندووە، هەر بۆیە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ راسپێردراوە بەدواداچون بۆ حاڵەتەكەی بكات و ئەنجامەكەی رادەست بكەن.
زەمیا محەمەد بەرپرسی نوسینگەی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ بە plus4ی راگەیاند: لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، لیژنەیەک بۆ گوێگرتن لەحەسەن پێکهێنراو تەواوی وتەكانی لەگەڵ راپۆرتە پزیشكییەكانی وەرگیراوەو بە راپۆرتێک رەوانەی بەغدا كراوە.
بەرپرسەكەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ رەتیكردەوە هیچ وردەكارییەك بۆ میدیا ئاشكرا بكات بەو پێیەی راپۆرتەكە نهێنییە ونایانەوێت پێش روداوەكان بكەون .
دوای تەواوبونی دانیشتنە عەشایەرییەكەی نێوان هێزەكەو باوكی، حەسەن دوای زیاتر لە سێ مانگ ئازاد دەكەن.
لە ئەیلولی 2021 بەهۆی دەستدرێژی سێكسی هێزێكی پۆلیسی فیدرالی بۆ سەر كچێ گوندنشینی سنوری ناحیەی رەشاد ( باشوری كەركوك ) هێرش كرایە سەر بارەگای هێزەكە و نۆ كارمەندیان كوژران.
ئەگەرچی هێزەكانی عێراق بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان خستە ئەستۆی چەكدارانی داعش، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی میدل ئێست ئای بەڕیتانی كە زانیارییەكانی لەهەواڵگری سوپای عێراقەوە وەرگرتووە، ئەوانەی هێرشەكەیان ئەنجامدابوو، براو ئامۆزاو كەسوكاری نزیكی كچەكە بونە و تەنانەت ئەو دوو كارمەندەی بەرپرسی راستەوخۆبونە لەدەستدرێژییەكە سەربڕابونە.
پێشلكارییەكانی مافی مرۆڤ لەكەركوك روو لەزیادبونە، بەڵام ئیدارەی ئێستا قەدەغەیكردووە فەرمانگەو هێزە ئەمنییەكان هیچ جۆرە لێدوانێك لەو بارەیەوە بۆ دەرزگاكانی راگەیاندن بخەنە ڕوو.
رۆژی 9ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، حزبە كوردستانییەكانی كەركوك بەئاشكرا پێشێلكارییەكانیان خستەڕوو بەتایبەت بڵاوەپێكردنی هێزەكانی قوات خاسەی عێراق لەگەڕەكە كوردییەكان و دەوروبەری.
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە plus4ی راگەیاند: دەیان پێشلكاری هێزە سەربازییەكانی عێراق لەكەركوك تۆماركراون و هەموویان بەنوسراوی فەرمی رادەستی حكومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكانی دەكەین.
وتیشی، هێزە سەربازییەكان تانك وزریپۆش و تۆپ هاوێژیان لەناوچە كوردییەكان بڵاوەپێكردووە و بەبێ فەرمانی دەدوەر هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و دەرگای ماڵەكانیان بە شەق دەكەنەوە و لەنێو بازگەكانیشدا تەشقەڵە بە مەردارەكانی كورد دەكرێت كە لەگوندەكانەوە بەرەو سەنتەری شار دێن و سەرانەو بەرتیلیان لێ وەردەگرن.
لەبەرانبەردا پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکوک كە هاوكات بەرپرسی باڵای لیژنەی ئەمنی پارێزگاكەیە بەردەوام ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوە.
راكان جبوری لەدوایین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقیەی نیمچە فەرمیدا، وەڵامی حزبە كوردستانییەكانی دایەوە كە باسیان لەپێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ كردبوو، و وتی: هیچ کەسێک لەماوەی ئەم پێنج ساڵەدا بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرنەکراوەو هیچ جۆرە ئەشکەنجەیەک نیەو کەسانی بێ تاوانیش لەزینداندا نین.
بەپێی بەشێك لەو راپۆرتانەی ناو بەناو بڵاودەكرێنەوە، تەنها هێزە سەربازییەكانی عێراق نین، مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكەن چونكە چەندین حاڵەتی دیكەش لەنێو فەرمانگەو تەنانەت لەبواری تەندروستیشدا تۆماركراون.
دیارترینیان دۆسییەیان مردنی ژنێکی توشبوی کۆڕۆنابوو لەنەخۆشخانەی گشتی کەرکوک لەسەروبەندی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكە، كە دواتر بەپێی گرتەی ڤیدیۆیی دەركەوت هۆكاری سەرەكی گیان لەدەستدانی ژنە نەخۆشەكە، دەستگیركردن وکەلەپچەکردنی هاوسەرەکەی بوە بەقەروێڵەکەیەوە، بەو هۆیەوە كەس نەبوە بوتڵی ئۆکسجینەکەی بگۆڕین تا ئەو ئاستەی دووچاری هەناسەتەنگی دەبێت و گیان لەدەستدەدات، ئەو كاتیش دۆسییەكە دەنگدانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.
مامۆستا محەمەد، هاوسەری ئەو ژنە دەڵێت: تاوەكو ئێستا بەبیانوی جۆراوجۆر نەخۆشخانەی گشتی كەركوك ئامادە نییە نوسراوی گیان لەدەستدانی هاوسەرەكە بداتێ تاوەكو بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانم بتوانم بەڵگەنامەی مردن ( وەفاتنامە )ی بۆ دەربهێنم.