plus4
پێش ٢ ساڵ
ئەمڕۆ دووشەممە 24-10-2022، دادگای تاوانەکانی کەرکوک سزای شەش مانگ زیندانی دەرکرد بۆ ( کاوە رەشید) و ( محەمەد فایەق ) کە هەردووکیان بەڕێوەبەری پێشوی لقی کەرکوکی کۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەکان بون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە plus4ی راگەیاند: سزادانی ئەو دوو بەڕێوەبەرە بەتاوانی کەمتەرخەمی بوە لەنەگرتنە بەری رێوشوێنە دژی ئەو بەنزینخانانەی سەرپێچیان لەسەر بوە لەکاتێکدا بابەتەکە کارگێڕییەو پەیوەندی بە کۆمپانیای بەرنامەی ئەلیکترۆنیەوە بوە کە لەگەڵ بەغدا گرێبەستیان هەبوە.
وتیشی، 54 بەنزینخانەی ئەهلی لەکەرکوک بەسیستمی ئەلیکترۆنی گازیان دابەشکردووەو ئەو کۆمپانیایەشی سیستمی بارکۆدەکەی بەڕێوەبردووە گرێبەستی لەگەڵ بەغدا هەبوەو بەهۆی ئەو سەرپێچیانەی لەبەنزینخانەکان تۆمارکراون بڕی 17 ملیار پێبژاردنیان بۆ هاتووەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەکە، لەماوەی رابردوودا بەرهەمە نەوتییەکان تەواوی ئەو بەنزینخانانەی راگرت کە پێبژاردنیان لەسەربوەو ئێستا بۆیان کراوەتە قست و دەیدەنەوە حکومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بابەتەکە کراوەتە چوارچێوەیەکی ترەوە بۆیە ئەو دوو بەڕێوەبەرە بونەتە قوربانی.
دادگای تاوانەکانی کەرکوک، هەردوو بەڕێوەبەرەکەی پێشوی بەرهەمە نەوتییەکانی بەکەمتەرخەم تاوانبارکردووە بەو پێیەی رێوشوێنی پێویستیان دژی بەنزینخانە سەرپێچیکارەکان نەگرتووەتەبەر کە زۆربەی سەرپێچییەکانیش دووبارەو سێ بارەبونەوەی وەرگرتنی بەشە گاز بوە لەلایەن ئۆتۆمبێلەکانەوە.