یوسف گۆران
Plus4
berî 8 saet

​​​​

یوسف گۆران ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بە دیمەنێكی كۆمیدیی كۆنی هونەرمەند فوئاد موهەندیس دەیشوبهێنێت، كە تێیدا پزیشكەكە دەڵێت، "گرنگ نییە نەخۆشەكە مردووە، گرنگ ئەوەیە نەشتەرگەرییەكە سەركەوتوو بوو.

ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستانیش مەترسییەكەی لەوەدایە كە لەكۆتاییدا بۆمان دەرەكەوێت دانیشتنێكمان بردووەتەوە بەڵام گورزێكی گەورەمان بە یەكڕیزی هەرێم  سەقامگیرییەكەی گەیاندووە.

یوسف گۆران ئاماژەی بەوەكردوە، خاوەنی ئەم هەوڵە (پارتی دیموكراتی كوردستان) لەڕێگەی گوشارو ڕێگەی نایاساییەوە توانیویەتی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران كۆبكاتەوەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو پرسیارەی كە پێویستە بیری لێ بكرێتەوە ئەوەیە، ئایە سەركەوتنی رێكارە پەرلەمانییەكان بەسە ئەگەر باجەكەی دابەشبونی سیاسی و خستنە مەترسی سەقامگیری هەرێم بێت؟

جەختیشیكردەوە، "هەرێمی كوردستان تەنها چەند كورسییەكی پەرلەمانی نییە كە بەشێوازی بیركاریانە كۆبكرێنەوە، بەڵكو ئەزمونێكی سیاسییە كە لەسەر بنەمای هاوسەنگی‌و شەراكەتی ئاڵۆزی نێوان دوو هێزە سەرەكییەكە (پارتی‌و یەكێتیی) دامەزراوە".

لەپەیامەكەدا مەكتەب سیاسییەكەی یەكێتیی هۆشداریداوە، "بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی هەرێم بەبێ لێكتێگەیشتنی هاوبەش، دەرگا بەڕوی قەیرانێكی زۆر قوڵتردا دەكاتەوە كە لەوانەیە داڕێژەرانی ئەم دانیشتنە بیریان لێنەكردبێتەوە".