دیلان
Plus4
berî 14 saet

🔺 پەرلەمانتار دیلان غەفور بە plus4ی راگەیاند: رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق گەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، باشترین کاتە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە ١٤.١٤%، و پێویستە وەفدی حکومەتی هەرێم لەبەغدا بێت بۆ پێداگری و ئێمەش وەک پەرلەمانتارانی کورد بە یەک دەنگ پشتیوانیی جێگیرکردنی ئەو پشکە دەکەین و ڕازی نین بە ١٢.٧% کە وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسەکەدا دیاریکراوە.

وتیشی: بەپێی دواین سەرژمێریی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ١٤.١٤%یەو پێویستە ببێتە بنەما بۆ پشکی هەرێم لە بودجە، بەڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ڕێکارێکی نازانستی و نایاسایی دوای کۆمەڵێک لێدەرکردن وەک هەژمارنەکردنی ئەو کەسانەی خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن و لە هەرێم نیشتەجێن، ئەو پشکەی کردووە بە ١٢.٧%، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتییانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن سوودمەندن لە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە پەروەردەو تەندروستییەوە تا سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و پێویستە لە بودجەدا وەک پشکی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێن.

ئەو پەرلەمانتارە نایشارێتەوە کە جیگیرکردن و تێپەڕاندنی پشکی هەرێم بە ١٢.٧% لەبری ١٤.١٤% کاریگەرییەکەی تەنها لە بودجەدا کورت نابێتەوەو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەنگ و قورسایی هەرێم دەبێت و ڕەنگە کاریگەریی لەسەر ژمارەی پەرلەمانتارو نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیش هەبێت لە بەغداد.