نرخی دۆلار
Plus4
berî 3 saet

حکومەتی عێراق: هێزە ئەمنییەکان بۆیان نییە دەستوەردەنە دۆسییەی دۆلار 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایدەگەیەنێت: بەپێی ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دۆسیەی بەهای دۆلار بابەتێکی دارایی و ئابورییە و پەیوەندی بە میکانیزمی بازاڕ و خواست و خستنەڕووەوە هەیە، نەک بابەتێکی ئەمنی.

دەشڵێت: بانکی ناوەندی عێراق تەنها لایەنی فەرمی و پسپۆڕە بۆ سەرپەرشتیکردنی دامەزراوە داراییەکان و ڕێکخستنی کارەکانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو.

تەئکید دەکاتەوە، هیچ ڕێنماییەک نییە بۆ دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە بازاڕ یان کارکردن لەسەر نرخی دۆلار، تەنها رۆڵیان جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارەکانی دادگایە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی داوا لە هاوڵاتیان، بازرگانان و خاوەن نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکات دڵنیابن و بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوام بن لە چالاکییە دارایی و بازرگانییە یاساییەکانی خۆیان، ئامانجی دەوڵەت پاراستنی سەروەریی یاسا و ڕێزگرتنە لە پسپۆڕیی دامەزراوەکان.