ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 1 saet
هەواڵی دەستگیركردنی فەرماندەیەكی نوجەبا كە بەڕێوەبەری هەواڵگری فەرماندەیی پشتوێنەیی بەغدایە لەحەشد، سۆشیال میدیای عێراقی تەنیوە.
بەوتەی چالاكوانەكانی شیعە لەتۆڕە كۆمەلایەتییەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەناحیەی فەزڵییە لەپارێزگای زیقاڕ، هێزێكی دژەتیرۆری عێراق چونەتە سەر ماڵی ( عەباس یەعقوبی ) بەڕێوبەری هەواڵگری حەشد لەفەرماندەیی دەوروبەری بەغدا ( عملیات حزام بغداد ) و دەستگیركراوە و بەرەو شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
چەناڵی واتساپ و تیلیگرامەكانی نزیك لەگروپە چەكدارەكان، بانگەشە بۆ گردبونەوەیەكی گەورە دەكەن لەزیقاڕ لەدژی دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی دەوڵەتەوە.
عەباس یەعقوبی، بەیەكێك لەفەرماندەكانی بزوتنەوەی چەكداری نوجەبا دادەنرێت كە بەشێكە لەگروپەكانی مقاوەمەی ئیسلامی عێراق.
هێشتا هیچ لایەنێكی فەرمی لەحكومەتی عێراق یاخود حەشد هەواڵی دەستگیركردنی ناوبراویان پشتراست نەكردووەتەوە.




