ئاژانسی هەواڵی plus4
berî 1 saet
رۆژنامەی "شەرق ئەوسەت" پلانێكی حكومەتی عێراق بۆ دوای تەواوبونی مۆڵەتی چەك دانانی گروپە چەكدارەكان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: لەلایەن هێزی تایبەتی دژەتیرۆر و نوخبە-ـەوە بارەگای سەرەكی گروپەكان گەمارۆ دەدرێت و رێگەی گواستنەوەی چەك و گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریان لێ دادەخرێت و دەبێت بەبازگەی ئەو هێزانەشدا هاتووچۆ بكەن.
لەراپۆرتەكەدا هاتووە كە گەمارۆی سەر ئەو گروپانە بەچەند قۆناغێك ئەنجام دەدرێت، سەرەتا بازگەی پشكنین و دەستگرتن بەسەر چەكەكانیاندا بەتایبەت درۆن و موشەك، دواتر فراوانكردنی گەمارۆكە بۆ سەر ناوەندی گروەكان.
ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ رۆژنامەكە كردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە حكومەتی عێراق ئەو پلانەی داڕشتووە و بەچەند قۆناغێكیش جێبەجێ دەكرێت تاوەكو روبەڕوبونەوەی چەكداری رونەدات.
پلانەكە زیاتر لە ناوچەی جەرف سەخر بارەگای سەرەكی حزبوڵا و جەرف نەداف بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی نوجەبا لەباشوری بەغدا جێبەجێ دەكرێت.
لەچەند رۆژی رابردوودیشدا لەئەنجامی بڵاوەپێكردنی مەفرەزەكانی سوپا و دژەتیرۆر لەچەند ناوچەیەك كە هێشتا ئاشكرا نەبوە كوێیە، توانرا دەست بەسەر چەند بارە درۆن و موشەكێكدا بگیرێت.
جەرف سەخر، لەساڵی 2014ـەوە یەكێكە لەگرنگترین بارەگان سەربازییە ستراتیژییەكانی گروپە چەكدارەكان، گرتوخانە، كۆگا، كارگەی موشەك و درۆنی تێدایە.
ئەمەش لەكاتێكدایە، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەكۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی و بەرگری پەرلەمان، داوایكردووە هاوكار و پشتیوانی بن لەتێپەڕاندنی یاسای چەككردنی گروپە چەكدارەكان.
پێشی وتوون، ئامادەیە لەسەر ئەو دۆسێیە روحی خۆی دابنێت بەڵام دەستبەرداری نابێت.
ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە فشارێكی زۆری ناوخۆیی و دەرەكی لەسەرە بۆ دەستهەڵگرتن لەو بابەتە.
بەتایبەت كە چەند سەرچاوەیەك باس لەسەردانێكی ئیسماعیل قائانی دەكەن بۆ بەغدا و كۆبونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەن كە داوایكردووە ئەو دۆسێیە دوابخەن چونكە لەم كاتەدا راستەوخۆ لێدانە لەئێران.




