plus4
پێش ٢ ساڵ
مەلا حەسەن گەرمیانی جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی ی.ن.ك بە plus4ی راگەیاند: دادگای بەرایی داقوق و تێهەڵچوونەوەی كەركوك دۆسیەی زەویەكانی موقاتەعەی 16ی ئەڵبوسەراجی داودە لەناوچەی حەفتەغاری لەبەرژەوەندی عەرەبێكی هاوردە یەكلاكردەوە.
وتیشی، دادگاكان هەمویان بەسیاسی كراون چونكە بەهیچ شێوەیەك رەچاوی بەڵگەكانی ئێمە و ماددەی 140ی دەستور نەكرا.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە خۆی خەڵكی گوندی ئەلبوسەراجی داودەیە، دەڵێت: بەپێی ماددەی 117 ئەو زەویانە بەسەرماندا دابەشكرا و ساڵی 1972 گرێبەستی كشتوكاڵیمان بۆ كرا، بەڵام ساڵی 1977 لەلایەن رژێمی بەعسەوە عەرەبی هاوردە هێنراون و گرێبەستەكانیان خستوەتە ناوی ئەوانەوە.
بەوتەی مەلا حەسەن، ئەو دۆسیەی عەرەبی هاوردە بردوێتێوە لەگوندی ئەلبوسەراج نزیكەی دوو هەزار و 600 دۆنم زەوی لەخۆدەگرێت كە ئێستا تانەمان لەبڕیارەكەی دادگای كەركوك گرتووە و دۆسێكە لە دادگای پێداچونەوەی بەغدایە.
داواش دەكات سەركردایەتی كورد و سەرۆك كۆمار وەك پارێزەری دەستور دەستوەردان بكات و رێگە نەدات بڕیارەكەی دادگا تێپەڕێت چونكە ئەوكات هەموو ناوچە جێناكۆكەكان لەدەستدەدەین.
لەئێستادا عەرەبی هاوردە تەنها لەسنوری موقاتەعەكانی (16ی ئەلبوسەراج) و (17ی نەقی) و (18ی جینگڵاوە)، دەستی بەسەر زیاتر لە شەش هەزار دۆنم زەویدا گردووە.