Plus4
berî 1 saet
بەپەلە.. وەزارەتی بەرگریی عێراق: لەهێرشەکەی ئەمریکادا 20 سەربازی عێراقی بوونە قوربانی
کەمێک بەر لەئێستا، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاگەیاندراوێکی تووندی سەبارەت بەهێرشەکەی بەیانیی ئەمڕۆی بنکەی سەربازیی ئاسمانییە حەببانییە لەپارێزگای ئەنبار بڵاوکردەوەو دەڵێت: وەڵامتان دەدەینەوە.
وەزارەتی بەرگری عێراق لەڕاگەیاندراوەكەدا دەڵێت: كاتژمێر 9:00ی بەیانیی ئەمڕۆ، بنکەی تەندروستی سەربازیی حەبانییەو بەشی کارەکانی پێگەی حەبانییە كە سەر بەوەزارەتی بەرگریی عێراقە، کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانی دوژمنكارانە.
تێیدا هاتووە: بەهۆی هێرشەکەوە 7 سەرباز گیانیان لەدەستداو 13 سەربازی تریش برینداربوون کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیی خۆیاندابوون.
وتیشی: تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا لەشوێنی ڕووداوەکە سەرقاڵی گەڕان و پشكنینن بۆ زیانەکان.
وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت: ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکراو مەترسیداری هەموو یاساو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، کە بەئامانجگرتنی دامەزراوە پزیشکییەکانی قەدەغە كردووە.
جەختیشدەکاتەوە: ئەم کردەوە تاوانکارییە سەرەتای پەرەسەندنێکی مەترسیدارەو پێویستی بەوەڵامدانەوەی بەهێزو لێپرسینەوە لەئەنجامدەرانی هەیە.
لەڕاگەیاندراوەکەدا وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت: مافی تەواوی خۆمان دەپارێزین و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژییە.




