النفط
plus4
berî 1 saet

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق

 

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەدەنگۆی ڕێگەنەدانی هەرێم بەهەناردەی نەوت بەڕێگەی بۆریی جەیهانی تورکیا بڵاوکردەوە،

🔸 دەقی ڕوونکردنەوەکە:

وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نییە نەوت بەڕێگەی بۆری بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات، بۆ ڕای گشتی ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕوون دەکەینەوە:

١- ئەوەی ڕاستی بێت لەبەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووەو هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی.

٢- حکومەتی ئیستای بەغدا لەمانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

٣-میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت وگاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.

٤- بەغدا ئامادە نیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.

٥- بەشێکی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

٦- هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بنیادنەر بوچارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە بسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان

حکومەتی هەرێمی کوردستان