plus4
berî 4 saet
کاندیدکردنی مالیکی بووە هۆی قەیرانی دارایی و درەنگ پێدانی مووچە
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لەسەر زاری لێپرسراوانی باڵای عێراقەوە ئاشکرایکردووە: بەهۆی بەردەوامیی بنبەستی سیاسی و کێشەی داراییەوە، سیناریۆی درێژکردنەوەی تەمەنی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ ماوەی ساڵێک ئەگەرێکی نزیک و کراوەیە.
ئەم پێشنیازە وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لەقەیرانی ئێستا دەبینرێت، بەمەرجێک دەسەڵاتی تەواوی پێبدرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوەو لایەنەکان نەیانتوانیوە لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕێکبکەون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، گرفتەکان لەوەوە ئاڵۆزتر بوون کاتێک نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرا، ڤیتۆی تووندی ئەمریکای کەوتە سەرو دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند مامەڵە لەگەڵ حکومەتێک ناکات مالیکی سەرۆکایەتی بکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم دۆخە عێراقی خستووەتە نێو قەیرانێکی قووڵی داراییەوە، بەجۆرێک وەزارەتی دارایی بۆ سێیەم مانگی لەسەریەک نەیتوانیوە لەکاتی خۆیدا مووچەی ٨ ملیۆن مووچەخۆرو خانەنشین دابین بکات.
لەئێستادا چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی پەرلەمان و حکومەت، یا بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەماوەی ساڵێکدا وەک بژاردەیەکی تر ماوەتەوە.




