plus4
berî 1 saet
وەزارەتی ناوخۆی عێراق: زیاتر لە 47 هەزار کەسی بیانیمان لە عێراق دەرکرد
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد: زیاتر لە 47 هەزار کەسی بیانییان بەهۆی سەرپێچیکردن لەیاساکانی نشینگە لەعێراق دەرکردووە.
دەشڵێت: ئێستاش لەڕێگەی سیستمی بارکۆدی ئەلیکترۆنییەوە چاودێریی وردی هاتنە ژوورەوەی گەشتیاران بۆ نێو وڵاتەکەمان دەکەین.
لەوبارەیەوە عەلا عەبدولکەریم؛ وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی عێراق وتی: سەرجەم ئەو کەسانەی بێ مۆڵەتی یاسایی لەعێراق مابوونەوە، لەڕێگەی مەفرەزەکانمان لەپارێزگا جیاوازەکان دەستنیشانکراون، ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەرو ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کراونەتەوە.
جەختیشیکردەوە: تا قەدەغەی سەر هاتنەوەیان هەڵنەگیرێت، هیچ یەکێک لەو هاووڵاتییە بیانییانە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ عێراق.
ئەوەشی درکاند کە لەساڵی 2025دا، 43 هەزارو 986 کەس و لەمانگی یەکی ئەمساڵیشدا 3 هەزارو 911 کەسی تر لەعێراق دەرکراون.
هۆکاری دەرکردنەکانیشیان بۆ سەرپێچیکردنی یاسای نشینگەیان کردووە.




