نرخی دۆلار
plus4
berî 2 saet

بانکی ناوەندیی عێراق دوا بڕیاری لەبارەی دۆلاری شین و سپییەوە دا

 

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند: جیاوازی نییە لەنێوان دۆلاری سپی و شین و هەردووکیان بەهەمان نرخن.

لەوبارەیەوە بانکی ناوەندی عێراق گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم بانکە ڕێپێدراوەکان و دامەزراوە داراییە ناحکومییەکانی کردو جەختی لەسەر گرنگیی نەهێشتنی دیاردەی جیاکاریی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی لەنێوان چاپە کۆن و نوێیەکاندا کردەوە.

بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت: پێویستە سەرجەم بانکەکان پابەندبن بەڕێنماییەکانی مامەڵەکردن و گۆڕینەوەی دراوەکان، بەتایبەت دۆلاری ئەمریکی، بەو شێوەیەی لەپێوەرە پەسەندکراوەکاندا هاتووە، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی مامەڵە نەقدییەکان و جێگیریی بازاڕ.

لەو ڕاگەیاندراوەدا دەڵێت: بەپێی ڕێنماییەکان هیچ جیاکارییەک لەنێوان چاپە جیاوازەکانی دۆلاری ئەمریکیدا ناکەن.

لەکۆتاییشدا دەڵێت: بانکەکە بەردەوامە لەوەرگرتنی ئەو چاپانەو مامەڵەکردن پێیانەوە لەڕێگەی سەرجەم بانکە ڕێپێدراوەکانەوە، بەو مەرجەی چاپەکان لەچوارچێوەی پێوەرو ڕێسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا بن.