دەستگیرکردن
plus4
پێش ٢ کاتژمێر

پۆلیسی دیالە، ژمارەیەک کەسی دەستگیرکرد کە ناونیشان و پلەی ساختەی سەربازییان هەڵگرتبوو.

پاش دەستگیرکردنیان، دەرکەوت ئەو کەسانە چەندین ناونیشانی بەرزی ئەفسەرییان وەک لیواو عەمیدو عەقیدو مولازمی یەکەم هەڵگرتووەو بۆ مەرامی کەسیی خۆیان بەکاریانهێناون.

ئەو کەسانە بەئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەیەکێک لەپارێزگاکانی باکووری عێراقەوە بەرەو بەغدا، بەئاراستەی بازگەی (سەرحە) دەڕۆیشتن لەسنووری پارێزگای دیالە.

پاش گەیشتنی زانیارییەکان، دەستبەجێ سەرجەم کارمەندانی بازگەکە ئاگادارکرانەوەو تیمێکی تایبەتمەندی ئەمنی پێکهێنرا.

پاش گەیشتنی ئەو کەسانە کە ژمارەیان چوار کەس بوو، دەستگیرکران و دوو چەکی جۆری دەمانچەو سەرجەم ناونیشانە ساختە سەربازییەکانیشیان دەستیان بەسەردا گیرا.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتبارەکان هاووڵاتیی مەدەنی بوون و ناونیشان و ناسنامەی ساختەو پلەی ئەفسەرییان هەڵگرتووە.

بەپێی ناسنامەکانیان، ئەو چوار کەسە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە پەیوەندییان بە یەکەیەکی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە هەیە، بەڵام سەرجەم ناسنامەو ناونیشانەکانیان ساختە بوون.